بە پێی بڕیارێک نرخی کاڵا لە مانگی ڕەمەزان بەم شێوەیە دەبێت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک نرخی کاڵا لە مانگی ڕەمەزان بەم شێوەیە دەبێت
بڕیارە لە مانگی ڕەمەزاندا وەزارەتی بازرگانی بە ھاوکاری بازرگانان کەل وپەلی خۆراکی ڕۆژانە لە دەرەوە ھاوردە بکات و بە نرخی کۆ بە ھاووڵاتییانی بفرۆشێت. بەڕێوبەری گشتی بازرگانییش دەڵێت، پلانەکە بۆ دابەزاندنی نرخ و ھاوکاری ھاووڵاتییانە.
نەوزاد کامل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، ڕایگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراک لە مانگی ڕەمەزاندا ھەرزان بکرێت و بەپێی پلانی وەزارەت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگان ڕێک کەوتووین بۆ ھێنانی بابەتی خۆراکی ڕۆژانە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و مانگی ڕەمەزان ئەو بابەتە خۆراکییانە دەگەنە بازاڕ."
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت: "ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانەوە، وەک برنج و ئارد و ھەموو بابەتی دیکە بە نرخی کۆ دەفرۆشرێن، بێ ئەوەی ھیچ قازانجێکیان بخرێتە سەر، واتە ھاووڵاتی ڕاستەوخۆ کەل و پەل بە نرخی کۆ دەکرێت و بە نرخێکی ھەرزان و گونجاو پێداویستییەکانی دەست دەکەوێت."
لەبارەی چۆنیەتیی فرۆشتنی ئەرزاق بە نرخی کۆ، نەوزاد کامل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەموو شارەکان بازاڕی ناوەندیی گەورە دەکەینەوە و ئەرزاقەکە لە ڕێگەی ئەو بازاڕانەوە دەخرێتە بەردەستی ھاووڵاتییان و ئێستا خەریکی دابینکردنی جێگەی بازاڕەکانین لە ھەموو شارەکان، ئەوەش ھاوکارییەکی باشی ھاووڵاتییان دەبێت بۆ مانگی ڕەمەزان."
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە