بە پێی بڕیارێک وا پێدەچێت دەوامی قوتابخانەکان لەم کاتەدا جێبەجێ دەکرێت

پەیامی کورد      ...     بە پێی بڕیارێک وا پێدەچێت دەوامی قوتابخانەکان لەم کاتەدا جێبەجێ دەکرێت .

 بەھۆی ھەڵکشانی ڕێژەی تووشبوانی ڤیرووسی کۆرۆناوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەوامی قوتابخانەکانی بۆ ماوەی مانگێک ڕاگرت و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی یەکەمی ساڵی نوێ دەست بە دەوام بکرێتەوە.

گولستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان بکەوێتە مانگی یەکەمی ساڵی نوێ، چوونکە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەیوەستە بە ڕەوشی تەندروستییەوە، ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکەن".

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "بەر لەوەی کۆتایی بەو وادەیە بێت کە لەلایەن حکوومەتەوە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی دەوام دراوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکرێت و بڕیاری نوێ دەدرێت".

لەبارەی قۆناغی ١٢ی ئامادەییەوە گولستان باقی ڕوونی کردەوە: "ڕاستە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی زەرەرمەندی یەکەمن لە ڕاگرتنی دەوام، بەڵام چەند پێشنیارێک ھەن بۆ ئەوەی قەرەبووی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بکرێتەوە، لەوانەش دواخستنی تاقیکردنەوەکانە، بێگومان ھەر بڕیارێک بدرێت بۆ بەرژەوەندیی قوتابیانە".


ئەم بابەتە 12014 جار خوێندراوەتەوە