بە پێی بڕیارێک ٢٣ ھەزار کارتی بایۆمەتری ئاوارەکان دەگەڕێندرێتەوە دھۆک"

پەیامی کورد     ...   بە پێی بڕیارێک ٢٣ ھەزار کارتی بایۆمەتری ئاوارەکان دەگەڕێندرێتەوە دھۆک"

بڕیارە ٢٣ ھەزار کارتی دەنگدەرانی ئاوارەکان بگەڕێتەوە بۆ پارێزگای دھۆک و بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، تا پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەنگدەر مافی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتریی ھەیە.

خالید دۆسکی، بەڕێوبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: "دوای کۆتایی ھاتنی وادەی پرۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە و کارتی بایۆمەتری یان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بڕیارە ھەموو ئەو دەنگدەرانەی بەشدارییان لە بایۆمەتری کردووە کارتی نوێی دەنگدانیان بگەڕێتەوە و پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن کارتەکان دەگەنە ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان."

بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن ووتیشی: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ٢٣ ھەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی ئاوارە بگەڕێتەوە پارێزگای دھۆک و بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکرێن."

خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەرجەمی ٩٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارە ئەوانەی بەشدارییان لە بایۆمەتری کردووە تەنیا ئەو ٢٣ ھەزار کارتە ماون بگەڕێنەوە، چوونکە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانە بە کارتی کۆن ھیچ ئاوارەیەک مافی دەنگدانی نابێت و تەنیا کار بە کارتی دوورمەودا دەکرێت، ئەوەی ئێستا دابەش دەکرێت."


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە