بە پێی بڕیارێک "چوار تاوەری نوێ لە دھۆک درووست دەکرێن
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک "چوار تاوەری نوێ لە دھۆک درووست دەکرێن"
ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە درووستکردنی تاوەر لە پارێزگای دھۆک کۆبووەوە و تێیدا بڕیار درا چوار تاوەری نوێ لە سەنتەری شاری دھۆک درووست بکرێن، سکرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری دھۆکیش دەڵێت، تاوەرەکان بەپێی ستانداردی جیھانی دەبن.
میللەت عسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەی تاوەرەکان بە سەرپەرشتیی دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ و ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تاوەرەکان لە پارێزگای دھۆک کرا، بەتایبەتی ئاست و کوالێتی درووستکردنی تاوەر لەنێو شاری دھۆک خرایە بەرباس و، بڕیار درا بەپێی ستانداردی جیھانی تاوەر لەنێو دھۆک درووست بکرێن و ئەو ماددانەی بۆ درووستکردنی تاوەر بەکار دێن بەپێی ستانداردی جیھانی بن.''
سکرتێری پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەو پڕۆژانەی بۆ درووستکردنی تاوەر پێشکەش کرابوون خرانەڕوو و تێیدا درووستکردنی چوار تاوەر پەسەند کرا، ئەویش بەگوێرەی ڕێنمایییەکان و بەپێی ئەو مەرجانەی حکوومەت بۆیانی دیاری کردووە."
مللەت عسمەت وۆتیشی: "بڕیارە لە سنووری پارێزگای دھۆک خولی بەھێزکردن بۆ ئەندازیارانی تاوەر بکرێتەوە، تا زیاتر شارەزایی پەیدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەو تاوەرانەی درووست دەکرێن لە ئاستێکی کواڵێتی بەرز و جیھانیدا بن.''
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە