بە پێی بڕیارێک چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرینگ لە عەنکاوە جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرینگ لە عەنکاوە جێبەجێ دەکرێن
بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەدێی عەنکاوە جێبەجێ بکرێن و بەڕێوبەری ناحیەی عەنکاوەش دەڵێت، وەزیری شارەوانی سەردانی شارەدێی عەنکاوەی کردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆژەکانمان پێشان داوە.
ڕامی نووری، بەڕێوبەری ناحیەی عەنکاوە، ڕایگەیاند: "وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی شارەدێی عەنکاوەی کردووە و لە کۆبوونەیەکدا لەگەڵ ئیدارەی عەنکاوە، وەزیری شارەوانی پاڵپشتیی خۆی بۆ زیاتر گرینگیدان بە شارەدێی عەنکاوە پێشان دا، چەندین پڕۆژەمان خستنە بەردەم وەزیری شارەوانی کە پەیوەستن بە خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی عەنکاوە."
بەڕێوبەری ناحیەی عەنکاوە ووتیشی: "بڕیارە ھەشت پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەدێی عەنکاوە جێبەجێ بکرێن و چاوەڕێی خەرجکردنی پارەی تێچووی پڕۆژەکانین بۆ دەستپێکردنیان کە بێگومان بە جێبەجێکردنیان سوودی بۆ شارەدێی عەنکاوە دەبێت."
پەیوەست بە خەرجکردنی بوودجەی تایبەت بە عەنکاوە، ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەندین ساڵە ھیچ بوودجەیەکی تایبەت بە شارەدێی عەنکاوە خەرج ناکرێت، بەڵام پێش قەیرانی دارایی تایبەتمەندی عەنکاوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لەبەرچاو گیرابوو.
ئەم بابەتە 12000 جار خوێندراوەتەوە