بە پێی بڕیارێک چەندین پڕۆژەی گرینگی ئاوەدانی لە قەزای مەخموور جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک چەندین پڕۆژەی گرینگی ئاوەدانی لە قەزای مەخموور جێبەجێ دەکرێن
قایمقامی قەزای مەخموور ئاشکرای کرد، بڕیارە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و نەینەوا بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژە لە چەندین بواری جیاوازی وەکوو ئاو و کارەبا و تەندرووستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک فەرمانگە و چەند سێکتەرێکی دیکە جێبەجێ بکرێت.
قایمقامی قەزای مەخموور، ڕزگار موستەفا، ڕایگەیاند : "پلانی جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ قەزای مەخموور بۆ ئەمساڵ نێردراوە بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و نەینەوا، بۆ ئەوەی بوودجە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە تەرخان بکرێت و پڕۆژەکان لە قەزای مەخموور و دەوروبەری جێبەجێ بکرێت، چوونکە مەخموور پێویستی بە پڕۆژە ھەیە و بڕیارە ھەردوو پارێزگا بوودجەی بۆ دابین بکەن و ئێمەش پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ بکەین.''
ڕزگار موستەفا ووتیشی: "ئەوەی پارێزگای نەینەوا ٥ملیار و٦٠٠ملیۆن دینارە و ئەوەی پارێزگای ھەولێریش سێ پڕۆژەیە کە بە گوژمەی نزیکە ٧٠٠ملیۆن دینارە و ئەو پارەیەش کە تەرخان دەکرێت لە چوارچێوەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە."
قایمقامی قەزای مەخموور ڕوونیشی کردەوە: "پڕۆژەکان دابەش کراون بەسەر قەزا و ناحیەکاندا و لە چەند سێکتەری جیاوازدان، وەکوو ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک فەرمانگە و چەند سێکتەری دیکەش.''
ڕزگار موستەفا باسی لەوەش کرد: "ئێستا پڕۆژەکانی ئێمە لە بەشی پلاندانانی پارێزگاکانە و ڕاستە مەخموور بەھۆی شەڕی داعشەوە پێویستی بە پارەی زیاترە بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵام ئەوەی تەرخان کراوە لە چوارچێوەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە، بۆیە ناتوانین داوای زیاتر بکەین."
ووتیشی: "زۆر گوند لە سنووری مەخموور چۆڵ کراون و بەشێکیان لە ٢٠١٤ـوە نەگەڕاونەتەوە، خەڵک پێویستە خۆیان بگەڕێنەوە و ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەوەیە کە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین، وەکوو ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و قوتابخانە."
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە