بە پێی بڕیارێک گۆڕانکاری لە سیستەمی هاتووچۆ دەکرێت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک گۆڕانکاری لە سیستەمی هاتووچۆ دەکرێت
بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە سیستەمی ھاتووچۆ بکرێت و سیستەمەکە بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ ئێستا بگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پێشنیار ھەیە، ئەوانیش ھەموارکردنەوەی یاسای کۆن، یاخود جێبەجێ کردنی یاسای نوێی عێراق کە ئەو یاسایە کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا کراوە و سزاکانیش تووند کراون و بۆ وەرگرتنی ڕای ھاتووچۆی ھەرێم و پارێزگاکان بڕیارە دوای نەورۆز لیژنەی ناوخۆ میواندارییان بکات.
موحسین دۆسکی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ووتی: "بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوبەری گشتی ھاتووچۆی ھەرێم و بەڕێوبەری ھاتووچۆی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان میوانداری بکەین و لەبارەی ترافیک و سزاکان و کامێراکانەوە قسە بکەین و یاسای ژمارە ٤ی ھاتووچۆی عێراق کە لە ھەرێم بەرکارە بۆ ئەوەی ڕای ئەوان وەرگرین ھەموار بکرێتەوە و چییان پێ باشە بۆیان بکەین لە ڕێگەی یاساوە، چوونکە لەلایەن خەڵکەوە زۆر داواکاری و پێشنیارمان بۆ ھاتووە، لەگەڵیان باس دەکەین، بۆیە ھەرچی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە دەکەین، چوونکە کاتی ئەوە ھاتووە ئەو یاسایە کە کۆنە ھەموار بکرێتەوە."
موحسین دۆسکی ووتیشی: "ئەگەر ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان پێی باش بێت ھەموار بکرێتەوە یاساکە ھەموار دەکەینەوە و یاسایەکی نوێ لە عێراق دەرچووە، ئەگەر پێیان باش بێت ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت کە یاسایەکی نوێیە و چەندین گۆڕانکاریی تێدا کراوە، بۆیە بە گشتی گۆڕانکاری لە سیستەمی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە کامە بۆ ھەرێمی کوردستان باشتر بێت ئەوە دەکەن، جا ھەمواری یاسا بێت، یاخود جێبەجێکردنی یاسای نوێی ھاتووچۆی عێراق بێت."
فازڵ حاجی عەلی، ووتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێریش ڕایگەیاند : "ئێستا یاسایەکی تایبەت لە عێراق ھەیە لە بواری ھاتووچۆ، وەکوو جێگرەوەی یاسای کۆن کە لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، ئەو باشترە، چوونکە کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا کراوە کە لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێ."
فازڵ حاجی عەلی باسی لەوەش کرد: ''ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت کە یاسایەکی سیادییە، ئەوکات پێویستی بە پەرلەمانیش نابێت و جێبەجێ دەکرێت، چوونکە یاسای سیادی گشتییە و لە ھەموو عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە جێبەجێ دەکرێت، چوونکە ئەو یاسا تازەیە زۆر باشە و سزاکانی توند کردووە کە پێویستە و لە بەرژوەندی خەڵکە تووند بکرێت و ھەندێک گۆڕانکاریی باشی تێدا کراوە، بۆیە ئێمە وەکوو ھاتووچۆ پێمان باشە کە یاسای نوێی عێراق جێبەجێ بکرێت، چوونکە ئامادەیە و تەنھا جێبەجێکردنی دەوێت."
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە