بە پێی بڕیارەکانی پێشوو بڕینی کارەبای زێدەڕەو دەستی پێکرد
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارەکانی پێشوو بڕینی کارەبای زێدەڕەو دەستی پێکرد
لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر کارەبای نیشتیمانی دەستیان بەکارکرد و، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، تەنیا لە ھەولێر نزیکەی ھەزار زێدەڕۆیی لابراون و، پێویستە ھەموو کوردستانیش بگرێتەوە.
گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئێمە داوامان لە وەزارەتی کارەبا کرد، کە کار بۆ لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر ھێڵەکانی کارەبا بکەن، ھەوڵەکان دەستیان پێکردووە و لە حەفتەی رابردوودا لیژنەکانی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە ھەولێر، نزیکەی ھەزار زێدەڕۆیان لابردووە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: "نزیک بە نیوەی کارەبای بەرھەم دێت بەفیڕۆ دەچێت، بەشێکی پەیوەستە بە زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی کارەباوە، ئەگەر ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێن رەوشی کارەبای نیشتیمانی زۆر بەرەو باشتر دەچێت و، کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەکرێن".
گولیزار رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لە ھەوڵداین لە ھەموو ناوچەکان تیمەکانی لابردنی زێدەڕۆیی دەست بەکار ببن، لەگەڵ لابردنی زێدەڕۆیی پلانی دانانی پێوەری زیرەکیش دەستی پێکردووە و، پەیوەندیمان بە وەزیری کارەبا کردووە و، پێی راگەیاندووین لە ماوەی یەک ساڵدا ھەموو ھاوبەشەکان دەبنە پێوەری زیرەک".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە