بە پێی سەرچاوەکان تورکیا و سووریا زیاتر پەیوەندییەکانیان لە یەک نزیک دەبێتەوە
پەیامی کورد ... بە پێی سەرچاوەکان تورکیا و سووریا زیاتر پەیوەندییەکانیان لە یەک نزیک دەبێتەوە
رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"ی سەعوودی بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی رووسی ئاشکرای کردووە کە لەچوارچێوەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رژێمی سووریا، ئەو دوو ووڵاتە لەم نزیکانەدا هەنگاوی تر دەگرنەبەر و هەوڵی سازکردنی دیداری لووتکە لەنێوان ئەردۆغان و ئەسەد دەدرێت.
ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە هەنگاوێکی پێشبینی نەکراودا و لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، هەریەک لە خلووسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری رووسیا و عەلی مەحموود عەباسی وەزیری بەرگری سووریا کۆبوونەوە.
رۆژنامە سەعوودییەکە لەسەر زاری سەرچاوە دیبلۆماسییە رووسییەکە گواستوویەتییەوە کە ووتوویەتی: کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە رەنگدانەوەی واقیعێکی دروستە و رووسیاش ماوەیەکی زۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێیوستە کەناڵی راستەوخۆ لەسەر بەرزترین ئاست لەنێوان تورکیا و سووریادا هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیداری وەزیرانی بەرگری و دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا و سووریا هەنگاوێکە بەرەو ڕێگایەکی راست کە خۆی لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ چارەسەری سیاسی و بەهێزکردنی سەقامگیریی لە سووریا و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست لەخۆدەگرێت.
بە ووتەی ئەو دیبلۆماتکارە رووسی یە، مۆسکۆ هەوڵ دەدات لەسەرەتای ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ساز بکات و ئەمەش ڕێگەخۆش دەکات بۆئەوەی لە ناوەراستی ساڵی 2023 کۆبوونەوەی لووتکە لەسەر ئاستی سەرۆکی رووسیا و تورکیا و سووریا ساز بکرێت، واتە ماوەیەک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی تورکیا.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە