بە پێی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەم فەرماندانە سزا دەدرێن
وەزارەتی پێشمەرگە لێکۆڵینەوە لە ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکانی بەرگری دەکات و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت، ھەر فەرماندەیەک لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا کەمتەرخەمی بکات، سزا دەدرێت و چەندین فەرماندەش بەو ھۆیەوە سزا دراون.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە ھەر فەرماندەیەک کەمتەرخە بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەوە سزا دەدرێت، لە ماوەکانی ڕابردوو ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە بەھۆی کەمتەرخەمییەوە سزا دراون و بەردەوامیش دەبین لەوەی ھەر کەسێک کەمتەرخەمی بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ''
بەرپرسەکەی پێشمەرگە ووتیشی: "لە سەنگەرەکانی بەرگری کەمتەرخەمی ھەبووە، چونکە زۆر جار پێشمەرگە و فەرماندەکانی ئێمە بەباشی خۆیان حەشار نەداوە لە سەنگەرەکاندا، ئەوەیش بووەتە ھۆکاری ئەوەی چەکدارانی داعش کەڵک لەو کەمتەرخەمییەی پێشمەرگە ببینن و لە دوورەوە بیانکەنە ئامانج.''
لیوا قارەمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مەبەست لە سزادانی فەرماندەکان بۆ ئەوەیە زیاتر خۆیان ئامادە بکەن و سەنگەرەکانیان بەڕووی دوژمن قائیم بکەن، تا کەمتەرخەمییان نەبێتە ھۆکاری ئەوەی دوژمن کەڵک لە کەمتەرخەمیی ھێزی پێشمەرگە ببینێت.''
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە