بە پێی پلانێک ٣٠٠ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... بە پێی پلانێک ٣٠٠ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێن
بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بخرێنە بواری جێبەجێکرن و بەڕێوبەری گشتی ئاویش دەڵێت، بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و کێشەی کەم ئاوی چارەسەر دەکەن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "حکوومەت ئامادەکاری بۆ پڕۆژەکانی ئەمساڵ دەکات و بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاویش خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەکانە لەسەر ئاستی جیاواز و پڕۆژەکانیش پێک دێن لە پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەی مامناوەند و بچووک، ھەموو پڕۆژەکان لەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش کراون و ژمارەیان ٣٠٠ پڕۆژە دەبێت.''
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ووتیشی: "پڕۆژەکانی ئەمساڵ ھەموو بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆی لەخۆ گرتووە و بەشێک لەو پڕۆژانەش ستراتیژین وەک چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە سەنتەری شار و شاروچکەکان، وەک پڕۆژەی چواری ئیفراز بۆ ھەولێر و دەورووبەری ، ھەروەھا چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە قەزای چەمچەماڵ.''
ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەی ئاوەڕۆش ئەمساڵ خراونەتە پلانی حکووومەت لەوانەش پڕۆژەی ئاوەڕۆی ھەولێر، ئەوانی دیکەش پڕۆژەی جۆراوجۆرن لە ڕاکێشانی تۆڕی ئاولێدانی بیر و نۆژەنکردنەوە و چەندین پڕۆژەی دیکەی بواری ئاو، ئەمانە ئەگەر بکەونە بواری جێبەجێ کردن ئەوە بێگومان کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی کێشەی کەم ئاوی دەبێت.''
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە