بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاشکراکراو تورکیا بە شێوەی نهێنی و شاراوە بە دوای بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی یە

پەیامی کورد     ...  بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاشکراکراو تورکیا بە شێوەی نهێنی و شاراوە بە دوای بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی یە

بە پێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕی "نۆدریک مۆنیتۆر"ی سویدی، بەرپرسێکی باڵای پیشەسازییە سەربازییەکانی تورکیا ئاشکرایکردوە، ووڵاتەکەی پڕۆژەی چەکی نهێنی هەیەو توانای نوێی لە بواری بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان پەرەپێداوە.
لەماوەی ڕابردووشدا ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی دەستەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەتوانم بە ڕوونی بڵێم لەبواری بەرگری دا ڕەگەزی ئەووتۆمان لەبەردەستە کە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ تواناکانی دوژمن، جا هەر کەسێک بێت، کاریگەری شۆک هێنەری دەبێت".
هەروەک ووتوویەتی:"کارێکی زۆرمان لەپێشە دەبێت ئەنجامیان بدەین‌ و ڕێگه‌ی کارکردنمان دوورودرێژە، بەڵام ئەوانەی پێیان وایە تورکیا ئامانجێکی ئاسانە، ئەوە لەسەر ئەوە پەشیمان دەبنەوە".
چەند سەرچاوەیەکیش لێدوانەکانی ئیسماعیل دەمیر یان وا لێکداوەتەوە کە تورکیا بەنیازە بە شێوەی نهێنی چەک‌ و پڕۆژەی بەرگری زیاتر لەوە بەدەستبهێنێت وەک ئەوەی ئاشکرایانکردوە، ئەو لێکدانەوەیەش لەلایەن دەمیرەوە ڕەت نەکراوەتەوە.
لەمانگی مارسی ساڵی ٢٠١٨ ەوە ، ئەردۆغان لەکاتی بەراوردکردنی توانا سەربازییەکانی تورکیا لەگەڵ توانا سەربازییەکانی ئەمریکا بەڵێنی دا چەک‌ و چۆڵی پێشکەوتوو بەدەستبهێنێت، لەناویشیاندا مووشەکی ئەتۆمی بوو .
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا خودای لەگەڵ دایە و گەلەکەشی بەپێچەوانەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت شەهید ببن.
هەروەک لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ ، ئەدرۆغان ڕەخنەی لەبێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل گرت‌ و ووتی:"نابێت ئیسرائیلییەکان شانازی بەبوونی چەکە ئەتۆمییەکەیانەوە بکەن، لەبەرئەوەی کەکاتی خۆی هات ئەو چەکە هیچ کاریگەری نابێت".
لێدوانی هەرە سەرنج ڕاکێشی سەرۆکی تورکیا ئەوەبوو کە لە 4ی سێپتەمبەری ساڵی 2019 وتی:"هەندێک ووڵات مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ناوەکیان هەیە، نە یەک یان دوو دانە، بەڵام دەشڵێن نابێت لەدەستی ئێوەدا هەبێت، هەرگیز ئەوە قبووڵ ناکەین"، کە بەگوێرەی پێگە سویدییەکە کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان ئاماژەیان بەخواستی تورکیا لەدەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کردوە.
لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨ شدا، مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لەئەمریکا گرت‌و ڕایگەیاند، "نابێت واشینتۆن داوا لە ووڵاتانی دیکە بکات دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببن‌ ، کەچی خۆشی پارێزگاری لە جبەخانە ئەتۆمییەکەی بکات".
هەروەک لەمانگی یازدەی ساڵی ٢٠١٨ ، مەسعوود حەققی جێنشینی ڕاوێژکاری سەرۆکی تورکیا بۆ کاروباری ئەمنیی‌ و سیاسەتی دەرەوە ڕایگەیاندبوو :" تورکیا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەسەرتاسەری جیهانەوە زاناو ئەندازیاران دادەمەزرێنێت، لەناویش یاندا زانایانی بواری ئەتۆمی".


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە