بە پێ ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو ووڵاتە ئاشکرا دەکرێت
پەیامی کورد ... بە پێ ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو ووڵاتە ئاشکرا دەکرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەدوای چوار ساڵ لە ڕاگەێندراوێکدا ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ووڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لەئێستادا ئەمریکا خاوەنی ٣٧٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی چالاک و ناچالاکە، ئەوەش ٧٢ کڵاوەی کەمترە بەراورد بە دوایین ئاماری فەرمی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو ووڵاتە کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ ەوە بەبڕیاری دۆناڵد ترامپ بڵاوکردنەوەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ووڵاتەکەی راگرت، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لەدوای چوار ساڵ لەراگەێندراوێکدا زانیاری لەبارەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا خاوەنی ٣٧٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی چالاک و ناچالاکە.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەئێستادا ووڵاتەکەیان خاوەنی کەمترین ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمییە لەسەردەمی جەنگی ساردەوە لەگەڵ ڕووسیا کە لەساڵی ١٩٦٧دا خاوەنی ٣١ هەزار و ٢٥٥ کڵاوەی ئەتۆم بوە.
راگەێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی جۆ بایدن دایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە چاودێری چەک لەگەڵ ڕووسیا کە لەسەردەمی دۆناڵد ترامپدا راگیرابوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە بۆ زیادکردنی شەفافیەتە لەبواری کۆگاکانی چەکی ئەتۆمی ووڵاتان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لەبڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆم.
هاوکات جۆ بایدن کە لەکانوونی دووهەمی ئەمساڵەوە پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرت پێشنیازێکی پێنج ساڵەی ئاڕاستەی ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا کرد بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا واشنتن و مۆسکۆ ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانیان بەخێرایی کەم بکەنەوە و هەرکامێکیان خاوەنداریەتی ١٥٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی بکەن.
بەگوێرەی دواین ئاماری پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی کەساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا خاوەنی ٥٥٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی، روسیا خاوەنی ٦٢٥٥ کڵاوەی ئەتۆمی، چین خاوەنی ٣٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی، بەریتانیا ٢٢٥ کڵاوەی ئەتۆمی، فەڕەنسا خاوەنی ٢٩٠ کڵاوەی ئەتۆمیە، هەروەها هیندستان، پاکستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوریش بەهەموویانەوە خاوەنی نزیکەی ٤٦٠ کڵاوەی ئەتۆمین.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە