بە گوژمەی ٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار ٩ پڕۆژە لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... بە گوژمەی ٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار ٩ پڕۆژە لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن
بەڕێوبەری چاککردنەوەی رێگاوبانی ھەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای ھەولێر نۆ پڕۆژەی رێگا بە گوژمەی ٢ملیار و٤٠٠ملیۆن دینار چاک دەکرێنەوە و لیژنەیان بۆ دروست کراوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەستبەکار دەبن و پڕۆژەکان ئەنجام دەدرێن.
عیماد موحەمەد، ڕایگەیاند : "بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە ٩ پڕۆژەی رێگاوبان لە چاککرنەوە و نۆژەنکردنەوە ئەنجام دەدات، کە رێگای گرینگیشن بۆ ئەو ناوچانەی کە رێگاکانی چاک دەکرێنەوە، لەوانە رێگای خالند و رێگای شێخ توراب و رێگای ھەریر بۆ باسرمە و رێگای خەلیفان بۆ بالیسان و پیران بۆ مێرگەسۆر و دۆڵی مەلەکان کە رێگایەکی گەشتیارییە، لەگەڵ چەند رێگایەکی دیکە".
محەمەد گوتیشی، ئەو رێگایانە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە ٢ملیار و٤٠٠ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە و لە چوارچێوەی بوودجەی پارێزگای ھەولێر دەبێت، چونکە پارێزگار ماوەیەکە بەدوای ئەو کارەوەیە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "لیژنەمان بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە دروست کردووە، بەڵام بە ھۆکاری تەکنیکی ھێشتا لیژنەکان دەستبەکار نەبوون".
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە