تاڵیبان، فۆتۆگرافەرێکی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئەفغانستان دەستگیر دەکات

پەیامی کورد      ...    تاڵیبان، فۆتۆگرافەرێکی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئەفغانستان دەستگیر دەکات

 ئیبراهیم عەلیپوور، فۆتۆگرافەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە مەبەستی دروستکردنی بەڵگەفیلمێک سەردانی ئەفغانستانی کردبوو، لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیر کرا.

 رۆژی سێشەممە هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئیبراهیم عەلیپوور، فۆتۆگرافەر و فۆتۆژۆرنالیستی خەڵکی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن تاڵیبانەوە بڵاو بووەوە.

 ئیبراهیم عەلیپوور بە مەبەستی کارتی فۆتۆگرافی سەردانی ئەفغانستانی کردووە و لەوێ لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکردنی ئاشکرا نەکراوە.

ئیبراهیم عەلیپوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافەرەکان ( FIAP ) و ئەندامی ئاژانسی Middle East images ـە و تاوەکوو ئێستا بە مەبەستی کاری فۆتۆگرافی بۆ نزیکەی ٣٨ وڵاتی جیهان گەشتی کردووە کە لەوانە گەشتی ٦ مانگەی بۆ تەبەت و هیمالایا بووە و زیاتر لە ٩ هەزار کیلۆمەتر بە پاسکیل رۆشتووە و ١٣ هەزار وێنە و چەندین بەڵگەفیلمی لەو گەشتانەدا هەیە.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە