تاڵیبان : لە دانشتنی وولاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران بەشداری ناکەین

پەیامی کورد      ...  تاڵیبان : لە دانشتنی وولاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران بەشداری ناکەین

زەبیحۆڵڵا مۆجاهید " ووتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران بەشداری ناکات .

ووتەبێژی تاڵیبان جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک بە نوێنەرایەتی لە تاڵیبان لە دانیشتنەکەی تاران ئامادە نابێت و بەشداری ناکات .

بە ووتەی کارناسانی ناوچەکە بەشداری نەکردنی " تاڵیبان لە دانیشتنی تاران ، دەتوانێ گورزێکی قرس و گران لە ئابڕۆی سیاسی ئێران لە ناوچەکەدا بێت .

ڕژیمی ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا وا نیشانی داوە کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە شەڕی ئەفغانستان دا دەگێڕێت و لە ئاست و ڕێژەی پاکستان دا بۆ تاڵیبا گرینگە .

ئەم دانیشتنە بڕیار وایە سبەی چوارشەممە ٢٧ی ئۆکتۆبەر لە تاران بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانی ، پاکستان ، تورکەمنێستان ، ئۆزبەکێستان و تاجیکستان بەڕێوە بچێت .

هەروەها بڕیار وایە کە وەزیری دەرەوەی رووسیا و چین یش بە شێوەی ئۆنڵاین لەو دانیشتنەدا بەشداری بکەن .

ئەمە دووهەمین دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی دراوسێی ئەفغانستان دەبێت ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە مانگی ئۆگۆست پاکستان بە شێوەی ئۆنڵاین میوانداری وەزیرانی دەرەوەی دراوسێی ئەفغانستان بوو .


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە