تایمز : ئێران مووشەکی نوێی دوورمەودای بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق داوە

پەیامی کورد    ...  تایمز : ئێران مووشەکی نوێی دوورمەودای بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق داوە

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکيدا ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەم جار، مووشەکی دوورمەودای زەوی بۆ زەوی بۆ عێراق گواستووەتەوە، ئەوەش بە پەرەسەندنێکی مەترسيدار دادەندرێت لەنێوان واشینتۆن و تاران.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە، گواستنەوەکە هەفتەی ڕابردوو بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە، ئەوەش دوای هۆشدارييەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڕەشەی باجێکی قورسی لە تاران کردووە، لەسەر چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران نەک هەر مووشەکی بالیستیکی کورتمەودای وەک قودس 351 و جەمال 69ـی گواستووەتەوە، بەڵکوو جۆری نوێی مووشەکی دوورمەودای بۆ ئەو گرووپانە ناردووە، کە پێشتر نەيانبووە، ئەمەش توانای ئەوەيان پێدەدات ئامانجی دوور بپێکن، کە ڕەنگە ئەورووپاش بگرێتەوە".

تايمز لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگری ناوچەکەوە ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە مانۆڕێکی نائومێدانەی ئێرانە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە درووست دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران هەوڵ دەدات نەخشەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانيیەوە دووبارە دابڕێژێتەوە.

تایمز دەشڵێت، ئەم مووشەکانە لەژێر ئاسایشی تووندی سنوورەکاندا بە قاچاخ گواستراونەتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئێرانە لە ئەگەری فشارەکانی ڕۆژئاوا، یان زیادبوونی هێرش بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان یان گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران لە ناوچەکەدا.
 


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە