ترۆئیکای ئەورووپا : ئێران دەبێ هەر ئێستا چارەنووسی بەرجام ڕوون بکاتەوە

پەیامی کورد   ...  ترۆئیکای ئەورووپا : ئێران دەبێ هەر ئێستا چارەنووسی بەرجام ڕوون بکاتەوە

بەریتانیا، فەرەنسا و ئاڵمانیا، سی ووڵاتی بەهێزی ئەندامی بەرجام بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش بۆ جارێکی دیکە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد هەتا داواکارییە ناڕاستەقینە و زێدەخوازانەکانی دەرەوەی ڕێکەوتنی بەرجام و یەک لەوان بابەتی چاودێریکردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی وەلا بنێت و لە ئێستادا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.

ئەو بەیاننامەیە کە لە دووەم ڕۆژی گەڕانەوەی تیمەکانی ووتووێژ بۆ ڤییەننا بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لە ڤییەننا بە مانای خولێکی نوێی ووتووێژ نییە".

لەو بەیانییەدا هاتووە کە باسە تەکنیکییەکان لەبارەی کاردانەوەی ئێرانییەکان بە دەقێک کە ''جۆزپ بۆرل''، رێکخەری باڵای ووتووێژەکانی بەرجام، بۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر مێزی ووتووێژی داناوە، بابەتی سەرەکی لەنێوان ئێران و ئەمریکادایە.

ئەم سێ ووڵاتە ئەورووپاییە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەقی ڕێککەوتنەکە لەسەر مێزە و هیچ خولێکی نوێی ووتووێژ ڕوو نادات، پێویستە ئێران لە ئێستادا و لە کاتێکدا کە هێشتا ئەگەری هەیە، ئەرکی ئەنجامدانی ڕێککەوتن دیاری بکات''.

هاوکات، کۆمیسیۆنی ئەورووپایی ڕۆژی هەینی، ڕەوتی وتووێژەکانی ئێستای وەکوو دوایین هەوڵی تاران و واشینتۆن بۆ ڕزگارکردنی بەرجام  ناو برد و تێپەڕاندنی ئەو چەق بەستووییەی ئێستای بە "بڕیارە سیاسییەکان" گرێ دایەوە.

''پیتەر ستانۆ''، ووتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا وتوویەتی: ''ئێستا کاتی دوایین هەوڵەکانە چوونکە ئیتر جێگەیەک بۆ مانۆڕی زیادە نەماوە''.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە