تورکیا پارێزبەندی لەسەر دەیان پەرلەمانتاری کورد هەڵدەگرێت
پەیامی کورد ... تورکیا پارێزبەندی لەسەر دەیان پەرلەمانتاری کورد هەڵدەگرێت
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، وەزارەتی دادی ئەو ووڵاتە ٦٣ یاداشتنامەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ٣٩ پەڕلەمانتار رەوانەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی تورکیا کردوە کە بەشی هەرە زۆریان سەر بەپارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ن، ئەوەش وەک ڕێگەخۆشکردنێک بۆئەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.
یاداشتە نێردراوەکان بریتی بوون لەتۆمەتبارکردنی ٣٢ پەرلەمانتاری سەر بەهەدەپە، لەناویاندا سێزای تەممەلی، موعەزەز ئۆرهان ئیشیک، تەیب تەمێل و عائیشە ئاجار باشاران، ئەوە جگە لەچوار یاداشت سەبارەت بە ساڵحە ئەیدەنیز هاوسەرۆکی پارتی ناوچە دیموکراتییەکانو پەرلەمانتاری سەر بە شاری ئامەد.
لەناو یاداشتەکانی تایبەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی دۆسیەی کەمال کڵیچدار ئۆغڵوی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هاتووە کە پەیوەستە بەبابەتی سووکایەتیکردن بەڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو ووڵاتە، هەروەک یاداشتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئومێد ئۆزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتنیش هەیە.
ئەوەش هاتووە، جەمال ئەنگین یورتی پەڕلەمانتاری هەدەپە لەسەر شاری ئۆردوو بەتۆمەتی سووکایەتی بەئەنقەستو هەڕەشەکردن لەبەرامبەر لەتیف شیمشەکی ڕۆژنامەوان، لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی گفتوگۆکاری ناوی لەناو یاداشتەکەدا هات
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە