توونێڵێکى چەتەکانى داعش لە سنوورى گەرمیان تەقێندرایەوە

پەیامی کورد     ...   توونێڵێکى چەتەکانى داعش لە سنوورى گەرمیان تەقێندرایەوە

هێزەکانى پێشمەرگە و سوپای عێراق دوو ئۆپراسیۆنیان بە مەبەستى لەناوبردنی چەتەکانی داعش لە سنووری کفری و خورماتوو ئەنجامدا و تێیدا تۆنێلێک تەقێندرایەوە، لە ئێستاشدا ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامی هەیە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لەنێوان شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین و شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، دوو ئۆپراسیۆن بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش لەو ناوچەیەی بە شوێنێ ئاڵا سپیەکان ناسراوە، دەستیپێکردووە.

سوپای عێراق، هێزی ئاڵتونی سەر بە یەکەی ٧٠ ى هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان لە ئۆپراسیۆنەکەی گوندەکانی کفری-دا بەشدارن.
سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند: ئۆپراسیۆنەکە لە گوندەکانی قوم پەڵک و تاوێرکەوە دەستپێکرد و لە گوندی تاوێرکەوە دەستیان بەسەر تۆنێلێکدا گرت و دواتر تەقێنرایەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، “لە تۆنێلەکەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک کتێب و کەلوپەل و خۆراکدا گیراوە و دوای تەواو بوونی ئۆپراسیۆنەکە گەڕاونەتەوە شارەدێی زنانە و هیچ ڕووبەڕووبونەوەیەک لەو شوێنەدا ڕووینەداوە”.

ئەوەشى خستەڕوو، ‘لە میحوەری خورماتوویش، ئۆپراسیۆنێک دەستی پێکردووە و تێدا هێزەکانی بەڕپەرچدانەوەی خێرا و لیوای ٥٢ ى عێراق و حەشدی شەعبی بەشدارییان تێدا کردووە و لە دوو قۆڵەوە بەردەوامیان بە ئۆپەراسیۆنەکەیانداوە و تا ئێستا ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامی هەیە”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە  بەشێک لە ناوچەکانى هەرێم و عێراقدا ناوبەناو چەتەکانى داعش هێرشدەکەنە سەر هێزەکانى پێشمەرگە و سەربازانى سوپاى عێراق و هاووڵاتیانى مەدەنى و بەهۆیانەوە چەندین قوربانى لێکەوتووەتەوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە