تۆڕێکى قاچاخى ماددەى هۆشبەرى حیزبۆڵڵاى لۆبنانى ئاشکرا دەبێت
بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان کەناڵێکى میدیایی ئاشکراى کرد کە تۆڕێکى قاچاخى مادەى هۆشبەر کە سەر بە میلیشیاکانى حیزبۆڵڵاى لوبنانییە و بە چاودێرى کۆمارى ئیسلامى و ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کار دەکەن، لە نێو سووریا و ئوردن خەریکى چالاکین و سوود لە دۆخە ناوچەییەکە وەردەگرن بۆ برەودان بەو بڵاوکردنەوەى ماددەى هۆشبەر و بەقاچاخبردنى بۆ ووڵاتانى دیکە.
کەناڵى (ئەلسویدا نیوز ـ Swaida News) بڵاوى کردەوە فرۆشەران و قاچاخچییانى مادەى هۆشبەر خەریکى ئامادەسازین بۆ قاچاخ هێنانى بڕێکى زۆرى ماددەى هۆشبەر و نزیکەى پێنج ئۆتۆمبێلى پڕ لە ماددەى هۆشبەریان بە چاودێرى یەکێک لە ڕابەرانى حیزبۆڵڵا بە ناوى ئەحمەد جەعفەر (ئەبوو یاسین) لە لوبنان هێناوەتە پارێزگاى ئەلسویدا تا لەو پارێزگایەی سووریاوە بە قاچاخ بیبەنە ئوردن.
بە پێى زانیارییەکانى ئەم کەناڵە، ئەم بارە گەورەیە لە دەیان خاڵى پشکنینى سەربازى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد تێپەڕیوە و براوەتە ماڵى "ئەبوو عەلى" یا هەمان حسێن ئەلوەهبان لە گەڕەکێکى شەڕزەدەیە لە دەروازەى باکوورى ئەلسویدا و ماڵى " جامل البلعاس" لە نزیک گۆڕەپانێکى ئەمنی و سەربازى سووریا.
ئەم بارە ماددە هۆشبەرە دواتر گوازراوەتەوە بۆ کۆگا و خانووەکانى "لمرعي رويشد الرمثان" لە گودندى "الشعاب" لە نزیکى سنوورى ئوردن، ئەم پیاوەش یەکێکە لە گرینگترین مۆرەکانى میلشیا چەکدارەکانى حیزبۆڵڵاى لوبنان لە باشوورى سووریا.
بە پێى ڕاپۆرتى ئەم کەناڵە، "لمرعي رويشد الرمثان" ماددە هۆشبەرەکە هەڵدەگرێت تا لە کاتى گونجاو و بە هاوکارى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد و دەزگا ئەمنییەکان، بیگوازنەوە بۆ ئوردنى پاشایەتى و بڕیار وایە لە زستاندا ئەم کارە بکەن، بەمەش قاچاخچییەکان سوود لە باران و تەم ومژ وەردەگرن بۆ گواستنەوە بارەکە چوونکە لەو کاتانەدا کامێراکانى چاودێرى و ئەو کامێرایانەى گەرمی دەپێون بۆ تۆمارکردنى جووڵەکان، کاراییان سنووردار دەبێتەوە.
پێشتریش دەزگاى میدیایی ئۆریێنت بڵاوى کردبووەوە کە ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد زۆرێک لە ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵکردنى خۆى و میلیشیا سەربازییەکانى سەر بە ئێران و حیزبۆڵڵاى لۆبنانى کردووەتە شوێنی چاندنى حەشیش و بەرهەمهێنان و قاچاخى ماددەى هۆشبەر و لەوێوە ماددەى هۆشبەر دەگوازێتەوە بۆ ووڵاتانى دەورووبەر.
ڕۆژنامەى گاردیەن ـى بەریتانی لە ٧ى مانگى مەى، هۆشدارى درووستکردنى جۆرە حەبێکى ماددەى هۆشبەرى دابوو کە بووەتە شاڕێگەى ئابوورى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد و ئەم قاچاخەش بە چاودێرى و سەرپەرشتى سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامى و بنەماڵەى بەشار ئەسەد و دەزگا ئەمنییەکانیان ئەنجام دەدرێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە