تێلێگراف : دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر بەریتانیا لەسەر دانانی سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆر

پەیامی کورد   ...  تێلێگراف : دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر بەریتانیا لەسەر دانانی سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆر

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تێلێگراف، دیپلۆماتکارانی حکوومەتی ئەمریکا پێیان وایە بەریتانیا نابێت سوپای پاسدارانى کۆمارى ئیسلامی بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، چوونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕۆڵی بەریتانیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران.

ڕۆژنامەی تێلێگراف ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی فێبریوەرى ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و بە پێی ئەو ڕاپۆرتە دیپلۆماتکارانی حکوومەتی ئەمریکا پێیان وایە لەندەن نابێت سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی بخاتە لیستی ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، چوونکە پێی وایە ئەم جۆرە کارە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕۆڵی بەریتانیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. بە گوێرەی ڕۆژنامەی تێلێگراف، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانووستانە ئەتۆمییە گیرخواردووەکان دەکات.

بەریتانیاش لەم وتووێژانەدا ئامادەیە و لە ڕوانگەی دیپلۆماتکارانی ئیدارەی بایدن ەوە، دانانی سوپای پاسداران لە لیستى تیرۆر لە لایەن لەندنەوە، ڕەنگە ڕۆڵی بەریتانیا لەم وتووێژانەدا لاواز بکات. ڕۆژی ٢ی جانیوەرى ئەمساڵ ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاوی کردەوە کە حکوومەتی بەریتانیا بەنیازە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی تێلێگرافدا باس لەوە کراوە کە وەزیری نێوخۆ و ئاسایشی بەریتانیا پشتیوانی ئەم کارە دەکەن.

بە هۆی بەردەوامی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانەکان لە ئێران، لە چەند هەفتەی ڕابردوو باس لە بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسداران کرا.

لە کاتێکدا نەیارانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانیاندا بەردەوام داوای ئەو بابەتەیان کردووە، وڵاتانی ئەندام لە یەکیتی ئەورووپا ڕێگەیەکى خۆپارێزانەیان بۆ ئەم پرسە هەیە.

داواکاری دانانى سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی لە لیستی تیرۆری یەکیتی ئەورووپا، یەکێک لە گرینگترین داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە، هەروەها زۆرێک لە وەزیران و دیپلۆماتکارە باڵاکانی ڕۆژئاواش هاوڕان لەگەڵ ئەم پرسە، بەڵام یەکیتی ئەورووپا هەمیشە ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

ڕۆژی سێشەممە ٣ى ڕەشەممە، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی شارەزایانی یاسایی یەکیتی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ئێستا یەکیتی ئەورووپا بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ پۆلێنکردنی سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، پێش ئەوەش جۆزێپ بورێل، ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو کە دانانى سوپای پاسداران لە لیستى تیرۆر لە لایەن یەکیتى ئەورووپاوە دەبێ بە بڕیاری دادگا بێت

دیارە لە نێو یاساناسان و شارەزایاندا بۆچوونی جیاواز هەیە. هێلل نۆیر، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی شەممە، لە کۆبوونەوەی گەورەی ئێرانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە بڕۆکسێل ئامادە بوو، دژایەتی خۆی لەگەڵ هەڵوێست و لێدوانەکانی بورێل دەربڕی.

لە ڕوانگەی ئەوەوە، وەک پارێزەرێکی یاسای نێودەوڵەتی، یەکیەتی ئەورووپا "بنەما و هۆکاری پێویستی هەیە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستى تیرۆریستەکانەوە"، ناوبراو ڕایگەیاند کە تەنها لە پێنج ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسداران "زیاتر لە ٢٠ کردەوەی تیرۆریستی"ـى لە ئەورووپا ئەنجام داوە..


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە