تەرمی عەلی قازی کوڕی قازی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد ... تەرمی عەلی قازی کوڕی قازی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازی لە ئەڵمانیاوە لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە بۆ کوردستان .
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی جووڵای ، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی عەلی قازی کرا.
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، تەرمی کوڕی قازی محەمەد، لە هەولێرەوە بەرەو شارۆچکەی کەلار بەڕێکرا و لە گۆڕستانێکی ئەو شارۆچکەیە بە خاک سپێردرا .
پێشتر پارێزگاری هەولێر رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامی رەزامەندی داوە بۆ ناشتنی تەرمی عەلی قازی لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دواتر ئەو کارە نەکرا.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بنەماڵەی "قازی"یان لە مەهاباد ئاگادارکردبووەوە کە نابێ مەراسیمی پرسە بەڕێوە بچێت. ئەو داوایە لە لایەن کەسە نزیکەکانی عەلی قازی قبووڵ نەکرا، هەر بۆیە بڕیار درا لە کەلار بەخاک بسپێردرێ.
عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لهدایكبووه. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بووه.
لە ساڵانی رابردووودا گەڕایەوە باشووری کوردستان و بوو بە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان.
عەلی قازی پاش ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە سەرۆکایەتی ئەو پارتە هێنا، دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەڕایەوە ئاڵمانیا و سەرلەبەیانیی رۆژی 10/7/2022، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە