تەرمی فرسەت سۆفی لەم کاتەدا دەگاتەوە هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد    ...    تەرمی فرسەت سۆفی لەم کاتەدا دەگاتەوە هەرێمی کوردستان

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرسەنامەیەكی بە بۆنەی كۆچی دوایی دكتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پرسەنامەكەیە:

بە بۆنەی كۆچی دوایی (د. فرسەت سۆفی)، پارێزگاری ھەولێر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی كوردستان بە گشتی و پارێزگای ھەولێر بە تایبەتی دەكات.

د. فرسەت سۆفی، وەك مرۆڤێكی سادە و نیشتمانپەروەر لەو ماوەیەی كە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە كەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە.

داواكارین لە پەروەردگاری مەزن ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری ببەخشێت و رۆحی كۆچكردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.

سبەی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەكان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوە دەچێت و لە شاری هەولێر بە خاك دەسپێردرێت.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە