تەندرووستی جیهانی پەیامێک ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

پەیامی کورد    ...  تەندرووستی جیهانی پەیامێک ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رۆڵی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “مەسروور بارزانی بەردەوام هاوکار بووە، لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان”.

نوێنەری رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە عێراق ووتی: “ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە و گرینگی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی هاتووین. ئه‌مڕۆ سێ پەیاممان هەیە. یەکەم ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی مەزنی ئەنجامداوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئێستا توانیوویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە.

ئەمەش بەو واتایەی کە تیمی تەندروستی سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوەی کۆرۆنا. دووەم تیمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندرووستی جیهانی توانیوویانە پێکەوە کار بکەن، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش. سێیەم بۆ ماوەی دوو ساڵە، هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان وەزارەتی تەندرووستی و تیمی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی هەیە و دەشزانین کە ئەو پەتایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین و دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە”.

ووتیشی: “دەمەوێت بەتایبەتیش سوپاسی جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بکەم، کە بەردەوام هاوکار بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. سوپاسی جەنابی وەزیری تەندرووستی ش دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ رێکخراوی تەندرووستی جیهانی هەیانە”.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە