تەندرووستی هەرێمی کوردستان ڕێکاری نوێ بۆ بەرەوڕووبوونەوە بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا دەگرێتە بەر

پەیامی کورد    ...   تەندرووستی هەرێمی کوردستان ڕێکاری نوێ بۆ بەرەوڕووبوونەوە بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا دەگرێتە بەر .

ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی لەبارەی دۆخی کۆرۆنا و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلەی بەڕێوە رایگەیاند، سێ بژاردەمان خستۆتە بەردەم لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ بڕیاری خێرا و پێویست لە هەرێمی کوردستان.

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، د. ئاسۆ حەوێزی ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، " سێ بژاردەمان خستوەتە بەردەم لێژنەی باڵا بۆ بڕیاری خێرا و پێویست لە هەرێمی کوردستان، بۆ پێشگرتن لەو تەشەنە کردنەی ڤیرووسی کۆڕۆنا لە عێراقدا هەیە." 
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پێشنیارانە بۆ ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا ببێتە بڕیار.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی تووشبوونی چەند خوێندکار و مامۆستایەک بەڤیرووسی کۆرۆنا لە خوێندنگەی مەولەوی شاری هەولێر، بڕیاری داخستنی خوێندنگەکە درا و تەندرووستی هەولێریش رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لەبارە ژمارەی تووشبووانی ئەو خوێندنگەیە و رێکارە خۆپارێزییەکان دەستپێکردوە.
بژار مووسا، ووته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایەتی ته‌ندرووستی هه‌ولێر راگه‌یاند : لەئێستادا تیمەکانی تەندرووستی پشکنین و رێکارە خۆپارێزییەکانیان لە خوێندنگەی مەولەوی لەشاری هەولێر و دەستپێکردوە, بەڵام بەدیاریکراوی نازانن چەند کەس تووشبووی ڤیرووسی کۆرۆنا بوون یان گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە