تەواوی گفتوگۆیەکەی مەسروور بارزانی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی
پەیامی کورد ... تەواوی گفتوگۆیەکەی مەسروور بارزانی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی
چوارشەممە ١٦-٤-٢٠٢٥، نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە زانکۆی ئەمریکی شارەکە دەستیپێکرد و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی گفتوگۆک لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم کە بەشدارم لەم کۆربەندە، سوپاسی کاک دکتۆر بەرھەم دەکەم بۆ بانگھێشتکردن و میوانداریمان بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە."
لە ووڵامی پرسیارێک سەبارەت بە سەرکەوتنەکەی دوێنێ شەوی یانەی دھۆک، سەرۆکی حکوومەت ووتی: "لەوانەیە زۆرتان بینیبێتتان لە تەلەڤزیۆنیش، یارییەکی زۆر جوان بوو، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی عێراق کە یانەیەکی عێراقی ئەم جامە بباتەوە. ئەمجارە یانەیەکی کوردستانی، یانەی دھۆک توانی جامی کەنداو بباتەوە، جێی دڵخۆشی ھەموو لایەکمان بوو. پیرۆزبایی لە ئەوان و ھەموو خەڵکی عێراق و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان دەکەم، ھیوادارم بەردەوام بن لە سەرکەوتن و تەمەننای سەرکەوتن بۆ یانەکانی تری کوردستانیش دەکەم."
سەبارەت بە ئەنفالیش ڕایگەیاند: "ھەروەک دەزانن ئەم ڕۆژانە ڕۆژانی تاوانە بەدناوەکانی ئەنفالە، پێم خۆشە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ئەنفال و ھەموو شەھیدانی کوردستان دابنوێنین، ئەم یادە بەرز ڕابگرین و ھەموو کارێکیش بکەین بۆ ئەوەی ڕێ نەدەین جارێکی تر ئەم تاوانانە دووبارە بکرێنەوە."
ھەروەھا وتیشی: "ئەمڕۆ ڕۆژی جەژنی ساڵی نوێی خوشک و برا ئێزدییەکانیشە، لێرەوە من پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و ھەموو جیھان دەکەم، ھیوادارم ساڵی خۆشی و سەرکەوتن و پێشکەوتن بێت و ھەر سەرکەوتوو بن."
سەرۆکی حکوومەت لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئاماژەشی بەوەدا: "پێموایە لەوانەیە زۆر زەحمەت بێت، نەک بۆ من، بۆ ھەر کەسێک کە خوێندنەوەیەکی تەواو ورد بۆ ھەموو ئەو رووداوانە بکات کە ئێستا لە ئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە کە گۆڕانکارییەکی خێرا و ھەستیار لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و ئەو گۆڕانکارییانەش ھەندێکیان لەوانەیە چاوەڕوان نەکراوبووبن، ھەروەک بینیمان ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا ڕووی دا، پێموایە لە ئاستی چاوەڕوانکردنی خودی دەسەڵاتی ئێستای سووریا و دەسەڵاتی پێشووتریش نەبوو. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە زۆر خێرا ھاتنە کایەوە و بارودۆخێکی نوێیان خولقاند، بە تایبەتی لە سووریا. لە ھەمان کاتدا ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا وای کردووە کە حکوومەتێکی نوێ بە سیاسەتێکی جیاواز ئێستا حوکمڕانی لە ئەمەریکا دەکات کە سیاسەتێکی جیاوازتریان ھەیە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست."
ئەوەشی خستەڕوو: "ھەروەھا ئەم ھەموو شەڕ و ناخۆشییانەی لە ناوچەکەشدا ھەن، دیسان ئەمانە ھەموو کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی ڕووداوەکانی ناوچەکە ھەیە و ئێمەش بەدەر نابین لەو گۆڕانکارییانەی کە ھەیە، بەڵام چۆن ئێمە بتوانین خۆمان بگونجێنین؟ ھەروەک پێشتریش باسمان کردووە، سیاسەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ بەجۆرێک بێت کە ئێمە بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ تەشەنەکردن و خراپترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نەبین. ئێمە ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی کاریگەر لە نزیکترکردنی لایەنەکان و باشترکردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی بگێڕین، ئەوا زۆر باش دەبێت. بەڵام نابێت ھەرێمی کوردستان ببێت بە بەشێک لەو ململانێیە و خوانەخواستە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات. نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدایە و خەڵکی ئێمەش ماندوو بووە. خەڵکی ئێمە چاوەڕوانی ژیانێکی باشتر و ئایندەیەکی گەشترە، ھەر ھەنگاوێک بۆ باشترکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە ھەبێت، ھەرێمی کوردستان پێویستە خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە."
لەبارەی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا، سەرۆکی حکوومەت گوتی: "خوێندنەوەیەکی جیاوازم نییە لەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە لە خودی ئەمریکییەکان دەبیستین، ئەوان دەیانەوێ بە تایبەتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەڵێن ئێمە دەمانەوێ ئاشتی بەرقەرار بکەین، بەڵام ڕێکاری جیاوازتریان ھەیە بۆ چۆنیەتی بەرقەرارکردنی ئاشتی ھەیە، ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە ئاشتی لە ڕێگەی ھێزەوە. کەواتە بەکارھێنانی ھێز بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکرێت. جا ئەگەر ئەمە سیاسەتەکەیان بێت، دەبێ لایەنەکانی تریش بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا بکەن؟"
ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "ئێمە پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا ھەیە، بە تایبەتی ئەو برادەرانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دۆستێکی کۆنی ئێمەیە و کاتی خۆیشی کە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە و چەندین بەرپرسی تریش لە شوێنە گرنگەکانی ئەم ئیدارەیە ھەن کە ئەوانیش دۆستی نزیکی ئێمەن. ئێمە ھەمیشە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانمان لەگەڵیان، بەڵام ھەمیشە ھەوڵی ئەوەشمان داوە کە ئێمە عاملی خێر بین، ھەرچی بتوانین لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، ئێمە جەختمان لەو خاڵانە کردۆتەوە."
ھەروەھا لە بارەی ئەوەی کە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان تا چەندێک وانەی بۆ رۆژئاڤا تێدایە؟، مەسروور بارزانی گوتی: "دەکرێ خوشک و براکانمان لە سووریا سوود لەو ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، بێگومان ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و ئێمە خۆشی و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە، دەکرێ سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە ھەڵەکانیشمان دووبارە نەکەنەوە. پێموایە ئەمە باشترین ئامۆژگارییە بۆ خوشک و براکانمان لە سووریا. گرنگە بە لای ئێمەوە کە ئەوان یەکگرتوو بن، تاوەکوو کوردەکان لە سووریا یەکگرتوو بن، دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە ڕێککەوتنێک تاوەکوو ھەموو ئەو مافانەی خۆیان مەبەستیانە، بەدەست بھێنن."
ئاماژەشی بەوەدا: "سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، لە ڕووی جوگرافی و نەتەوەییەوە جیاوازییەکی زۆری تێدایە. لە ناوچە کوردستانییەکان کوردی زۆری لێیە، لایەنەکانی تری کە نزیکن و ھاوپەیمانن لەگەڵ تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دیسان باڵادەستن، عەلەوییەکان دیسان لە ناوچە کەناراوییەکانی سەر دەریای سپی ھەن، درووزەکان لە باشووری سووریا ھەن، ھەتا پێکھاتە عەشایەرییەکانی عەرەبیش کە لە سووریا ھەن، ھەموویان یەک بیر و یەک بۆچوون نین. دەسەڵاتێکی نوێش ئێستا لە خودی دیمەشق ھەیە. جگە لەمە، ناوچەیەکی تری بەرفراوان ھەیە کە تا ئاستێکی زۆر دەسەڵاتێکی زۆر بەھێز نەیتوانیوە خۆی بچەسپێنێت و ھەموو ناوچەکانی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆی بگرێت، ئەوانەی کە شارەزای جوگرافیای سووریان، بە تایبەتی لە ناوچەی دێرەزوور تاوەکوو تەدمور ئەو شوێنە ناوچەیەکی فراوانە کە تا ئاستێکی زۆر چالاکییەکانی داعش لەوێ ھێشتا بەردەوامییان ھەیە و بەپێی ئەو راپۆرتی زانیارییانەی کە بە ئێمە دەگات، ھەتا چالاکییان زیاتر بووە و لە چەندین شوێنیش کەمپی ئەو داعشانەش ھەیە کە دەستگیر کراون و لەوێن، ئەوانەش ھەمووی جێی مەترسین."
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشیکردەوە: "بێگومان لە ھەر شوێنێک کە ئاسایش و سەقامگیریی تێدا نەبێت و ئابوورییەکی باش کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی خزمەتگوزاریی خەڵک بێت، ڕێگە بۆ سەرھەڵدانی توندوتیژی زیاترە. من بە حوکمی ئەو تەجروبەیەی کە ئێمە ھەمانە و لە ناوچەکانی خۆشمان بینیومانە، ئەو ناوچانەی کە باری ئابووری باشترە، سەقامگیریی سیاسی تێدا باشترە و ئەمنیەت و ئاسایشیش تێیدا باشترە. کەواتە ئەم شتانە بە یەکەوە بەستراونەتەوە. ئێستا سووریا لە دۆخێکی زۆر ھەستیاردا دەژی، دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و پێکدادان، دۆخی ئابووریی نالەباری ھەیە، پێویستییان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی ھەیە. تا ئاستێکی زۆر دەرفەتێکی باشە کە یارمەتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ خواستی حکوومەتێکی ھەمەچەشن کە ھەموو لایەنەکانی تێدا بەشدار بێت، لەئارادایە و دەکرێ سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت و یارمەتییەکانی کە بۆ سووریا ئامادەن، پێشکەش بکرێت و ھەموو لایەنەکان بەشدارییان پێ بکرێت و ھیچ لایەک پەراوێز نەخرێن. خوشک و برا کوردەکانیشمان دەتوانن لەسەر ئەو خاڵە کار بکەن و ببن بە بەشێک لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکرات کە ھەموو لایەک تێیدا خۆی ببینێتەوە و بەرژەوەندییان پارێزراو بێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەوەی بەرپرسانی کوردی سووریا چی بکەن و چی نەکەن؟، مەسروور بارزانی رایگەیاند: "نیەت لە ھەموو شتێک گرنگترە، ئەگەر نیەتی پێکھاتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ھەبێت، زۆر ئاسان دەکرێ فۆرمۆلەیەک بدۆزرێتەوە کە بتوانن پێکەوە بژین. فیدڕاڵیەت ئەگەر بڕوات پێی نەبێت، ھەتا ئەگەر وەسیقەشت ھەبێ و نووسراویش بێ، دەکرێ گرنگی پێ نەدرێ و پەنا و پێچ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی جێبەجێ نەکرێت. بەڵام ئەگەر نیەت ھەبێت، ھەر فۆرمۆلەیەک بێت کە پێکھاتەکانی سووریا لەسەری ڕێک بکەون، ئەگەر فیدڕاڵیەت سیستەمێکە کە ھەموو لایەنەکانی سووریا پێی رازی بن، پێموایە ئەمە دەکرێ ببێتە خاڵێکی کۆکەرەوە بۆ ھەموو لایەک و حکوومەتێکی باشتر پێک بێت. ھیوادارم ئەو لایەنانەی کە دژی فیدڕاڵیەتن، تۆزێک بۆچوونەکانی خۆیان بگۆڕن، چونکە فیدراڵیەت بەڕاستی مەسەلەی لاوازکردنی دەسەڵاتی وڵاتێک نییە، بەڵکوو ئیعترافکردنە بە جیاوازیی ئەو پێکھاتانەی کە ھەن و بەیەکەوە دەیانەوێ لە وڵاتێکدا ھەر یەکێک تەکمیلەی لایەکەی تر بکات. ئەم جۆرە بۆچوونە کە فیدڕاڵیەت بە ھێز و توانا بۆ وڵاتەکە ببینێت، پێموایە دەکرێ زۆر زۆر کاریگەر بێ لەوەی کە لایەنەکان لە لایەکتر نزیک بکاتەوە. بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیاواز ھەبێ و فیدڕاڵیەت بە جیابوونەوە لێک بدرێتەوە، کەواتە نیەتەکە بۆ ئەوە نییە پێک بێن."
گوتیشی: "بۆیە من پێموایە کە ئەو ئەزموونەی ئێمە لە عێراق ھەمانە، دەکرێ بەشێک بێت لەو ئەزموونەی کە خۆیان دەیانەوێ سوودی لێ وەربگرن و ھیوادارم تێیشیدا سەرکەوتوو بن."
ھەروەھا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاماژەی بەوە دا: "پێشتریش چەندین جار ھەوڵی ئەوە دراوە کە ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئاشتی بە لایەنێک بە تەنیا ناکرێت. دەبێ ھەر لایەنێک کە بەشێکە لە کێشەکە، ئامادە بێ ڕوو لە چارەسەری ئاشتییانە بکات. ئەمجارە دەبینین لە تورکیا گۆڕانکاری لە بۆچوونی لایەنە توندڕەوەکاندا ھەیە. لایەنی توندڕەو باسی ئاشتی دەکات و لایەنەکان باسی لێکنزیکبوونەوە دەکەن. کەواتە جیاوازیی ئەم سەردەمە لەگەڵ ھەوڵەکانی پێشتر ئەمە بووە. نامەی بەڕێز ئۆجەلانیش کە داوا دەکات بەرەو ئاشتی بڕۆن، ھەروەھا لە لایەکی ترەوە لایەنی حزبی ناسیۆنالیستیی تورکی دەبینین کە دیسان باسی چارەسەری ئاشتییانە دەکەنەوە و دەسەڵاتیش کە خۆیان پێیانوایە چارەسەری ئاشتییانە باشترین ڕێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون، پێموایە ئەمە ھەمووی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باش و دەکرێ کاریگەریش بن، بەڵام دەمێنێتەوە ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە دەکرێ؟ بێگومان لەوانەیە لایەنی تریش ھەبن کە بەرژەوەندییان لە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە نەبێ. دەبێ ئیرادەی ئاشتی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەھێزتر بێت لەوانەی کە دەیانەوێ ڕێگری بکەن، ھیوادارم ئەو ئیرادەیەش سەربکەوێ و ئاشتی جێگرەوەی شەڕ و ئاژاوە بێت."
سەبارەت بە نێوانی ئێران و ئەمەریکا و دۆخی ھەرێمی کوردستان و دۆخی کوردانی ئێران و ڕۆژھەڵات، سەرۆکی حکوومەت ڕوونیکردەوە: "ئایا ئێران لاواز بووە؟ بەرامبەر بە کێ لاواز بووە؟ ئێران بەرامبەر بە کاراکتەرەکانی ناوچەکە پێموانییە وڵاتێکی لاواز بێت، ئێران ھێشتا کاریگەریی زۆرە و لە لایەکی ترەوە دراوسێی ئێمەیە و لە زۆر قۆناغیشدا ھاوکاری ئێمە بووە و پەیوەندییەکی دۆستانەشمان لەگەڵ ئێران ھەبووە بەردەوام. لە ھەمان کاتدا دۆستایەتییەکی زۆر نزیکیشمان لەگەڵ ئەمەریکا ھەیە و ھەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئێمە بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دژایەتیکردنی تیرۆر و لە زۆر رووەوە، ئێمە سوپاسی ئەمەریکاش دەکەین کە ھاوپەیمان و دۆستی نزیکی خەڵکی ئێمە بووە وەکوو کورد و وەکوو عێراقیش بە گشتی. کەواتە بە ھیچ جۆرێک پێویست ناکات کورد خۆی لە شوێنێکدا ببینێتەوە کە خۆی ساغ بکاتەوە لەملا یان لەولا. دەکرێ ئێمە ڕێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و لەگەڵ ئەمەریکاش بگرین، دەکرێ ئێمە ببین بە عاملێکی باش بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و باشترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش. کەواتە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورددا نییە کە ببێ بە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکوو دەکرێ وەکوو بەشێکی کاریگەریش بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەمە بۆ کوردانی رۆژھەڵات و لە ھەموو ناوچەکانی تریش بە ھەمان شێوە."
سەرۆکی حکوومەت لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ھیوادارین بە زووترین کات ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت. لە سەرەتاوە ھەرێمی کوردستان کە دەستی بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە شکایەت و شکایەتکاری کرا بە تایبەتی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە، گوتیان دەبێ ئەو نەوتە رابگیرێت. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگا ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا. لەوکاتەوە تا ئێستا وەک ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٣ ملیار دۆلار ئێمە زیانمان کردووە و ئەو زیانەش قەرەبوو نەکراوەتەوە تاوەکوو خەڵکێک بڵێت ھەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەندە. ھەم عێراق و ھەم ھەرێمی کوردستان و ھەم تورکیاش زەرەری کردووە، کەسێک نابینم کە سوودمەند بێت لە راگرتنی ھەناردەکردنەوەی نەوت."
ھاوکات گوتیشی: "لەم دواییە چەندین کۆبوونەوەی گرنگ کران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمەش ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێکی ھاوبەش تاوەکوو نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیادا جارێکی دیکە ھەناردە بکرێت و لایەنی فرۆشتنی نەوتیش سۆمۆ بێت کە لایەنی پێشنیازکراوی حکوومەتی فیدڕاڵی بووە. لەسەر ئەو شتانە ئێمە ڕێککەوتووین. ئێستا ئەو شتانەی کە ماون، رەزامەندیی ئەو کۆمپانیایانەی کە ھاتوون لە کوردستان وەبەرھێنانیان کردووە. کەواتە جۆری کۆنتراکتەکان و جۆری کارکردنی کۆمپانیاکان لە کوردستان جیاوازە لە جۆری کارکردنیان لە بەشەکانی تری عێراق. ڕێزگرتن لەو کۆنتراکتانە بەشێکی سەرەکییە کە ئەو کۆمپانیایانە داوای دەکەن. دووجاریش لە دادگای عێراق سکاڵا کرا و ھەردوو جار دادگا لە بەرژەوەندیی کۆنتراکتەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکاندا ناوە، کەواتە پێویست ناکات چیتر لەسەر ئەم بابەتە کێشە دروست بکرێت. لە لایەکی ترەوە کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن، چونکە بەشێک لە کێشەکە دەستنیشانکردنی تێچووی بەرھەمھێنانە کە پێویستە ئەم تێچووەیان بۆ دابین بکرێت، بەبێ ئەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی ئێمەوە ھەناردە بکرێت، دەبێ ئەم میکانیزمە بدۆزرێتەوە و لەسەر ئەمەش رێککەوتن کراوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، ژمارەیەک تەرخان کراوە تاوەکوو ماوەیەک لایەنی سێیەم دێت و ئەو لایەنە دیراسەیەکی تەواوی بابەتەکە بکات و تێچووی حەقیقی دەربێنێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، چونکە ئەو گەرەنتییانەی کە کۆمپانیاکان داوای دەکەن، پێموایە دەبێ ئەم خاڵەش کۆتایی بێت بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنی نەوت بکرێت کە پێموایە لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکدا دەبێت."
ئەوەشی خستەڕوو: "لە دوایین دیداری منیش کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدارمان ھەبووە، لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە تیمەکانی تەکنیکیی ئێمە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و لەسەر وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە ماون و جارێکی دیکە دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت."
ھەروەھا لەبارەی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رایگەیاند: "شکور بۆ خوا گفتوگۆ بەردەوامە و وردەکاری ھەیە، تیمەکانمان بەشێکیان لێرە دانیشتوون، بەردەوامن لەوەی بگەنە خاڵی ھاوبەش، بە تایبەتی لەسەر ئەجێندای حوکمرانی کە بابەتی ھەرە گرنگە، پێموایە قۆناغێکی زۆر باشیان تێپەڕاندووە و گەیشتوون بە خاڵە کۆتاییەکان، ئینشائەڵا ئەوەش لە ماوەیەکی زوودا ئەجێندای ھاوبەشی حکوومەت تەواو بکرێ، ئیتر دەمێنێتەوە سەر بابەتی پێکھێنانی حکوومەت و دابەشکردنی کابینەکە، ھیوادارم دیسان ھەموو لایەک پەلە بکەن لە پێکھێنانی ئەو حکوومەتە. بێگومان خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە پێموایە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە تاوەکوو زووە ئەو حکوومەتە پێک بھێندرێت. دۆخی ناوچەکە وادەخوازێت کە ئێمە لە کوردستان یەک ھەڵوێست بین، پێگەیەکی بەھێزمان ھەبێت، حکوومەتێکی باش و رێکمان ھەبێت و پەرلەمانمان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە ببینەوە و خۆشمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕانکارییەکانی داھاتووش."
ئەوەشی خستەڕوو: "حکوومەت وەسیلەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەک کە خزمەتی ھاووڵاتی بکات، ئەگینا حکوومەت ئیشی چیە؟ بۆ خەڵک گرنگە کە چۆن بتوانین خزمەتیان بکەین و لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانیان ئاسان بکەین."
لەبارەی پرسی مووچەوە گوتی: "زۆر ناخۆشە کە بابەتی مووچە ببێت بە ھەواڵی مانگانە. وڵاتێکی وەک عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە نەدەبوایە ئەمە ھەر بابەت بێت، ئەمە مافێکی سرووشتیی ھەر مووچەخۆرێکە و پێویستە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت. لێرەدا کێشەیەک لە سیستەمەکەدا ھەیە. عێراق خۆی ئابوورییەکی ھەیە کە لەسەر بنەمای پارەی کاش دروست کراوە. ئەو وڵاتانەی کە پارەی کاش بنەمای ئابوورییانە، ناتوانن وەک پێویست و وەکوو وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا بە خێرایی پێش بکەون، کەواتە سنووردارییەک ھەیە بۆ ئەوەی ئەم ئابوورییە پێش نەکەوێت."
ھاوکات ڕاشیگەیاند: "ئێمە لە کوردستان ھەوڵمان دا گرنگی بە بەدامەزراوەییکردنی ئابووریی خۆمان بدەین، ئیتر سیستەمی بانکی و پێدانی مووچە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە بۆ ھاووڵاتی کە ھاووڵاتی خۆی خاوەنی حیسابی بانکیی خۆی بێت و دوور بێ لە میزاجی شەخسی یانیش لە ململانێی سیاسی یان لە بەشداریکردنی حزبەکان لە ڕێگریکردن یانیش بە ھەر جۆرێک بێت کە تێکەڵ بن لە بابەتی ئابووریی وڵاتەکە. کەواتە حکوومەت دەبێ تەنیا لایەن بێ کە بتوانێ مامەڵە لەگەڵ بابەتی مووچەی ھاووڵاتیان بکا."
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە بەرنامەیەکمان دانا کە بەداخەوە پشتگیرییەکی زۆری سیاسی لێ نەکەوتەوە، بە تایبەتی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆچوونی جیاواز دروست بوو، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لە پرۆژەکە، خۆیان باشترین وەڵامیان ھەیە، چونکە بەپێی ئەو سەرژمێرییانەی کە کراون، سەرووی ٩٥٪ی ئەوانەی بەشدارن لەو پرۆژانە، رەزامەندن لەو پرۆژانەی کە کردوومانە، یەکێک لەوانە پرۆژەی (ھەژماری من)ە کە دەمەوێ زۆر بەڕاشکاوی باسی بکەم. بەداخەوە ھیچ موبەریرێک نییە کە ھەژماری من بەردەوام نەبێت، چونکە جگە لەوەی کە بەھەڵە پروپاگەندەی بۆ کرا، پرۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتی دایە، ھاووڵاتی دەبێتە خاوەنی حیسابی بانکیی خۆی، ھاووڵاتی دەسەڵاتی ئابووریی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە و حکوومەت مووچەکەی پێدەدات، ئەمە تەنیا بەشێکە لە باشیی ئەم پرۆژەیە. بەشەکەی تر دروستکردنی ژێرخانی ئابوورییە کە وڵاتی ئێمە لە سیاسەتی کاشەوە بۆ سیاسەتی بەدیجیتاڵکردنی موئەسەساتی ئابووریی ئێمە بگوازرێتەوە. کەواتە ھاووڵاتی دەتوانێ قەرز لە بانک وەربگرێ، بۆ شەفافیەت باشترە. لە ھەموو ڕوویەکەوە. پێویستیش ناکات ھەمیشە ئیعتیماد لەسەر ئەوە بکرێ کە سیولەی بانکی نییە یان پارە نییە بۆیە ناتوانین مووچە بدەین، بە سیستەمێکی دیجیتاڵی ھەمیشە مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێ."
ئاماژەشی بەوەدا: "ئەو کەسانەشی کە بەشدار بوون لە پرۆژەکە، زۆر زۆر رەزامەندن، تەنیا ئەوانە نەبن کە لەوانەیە زۆر شارەزای بەرنامەکە نەبن و لە رووی تەکنەلۆژییەوە زۆر شارەزا نەبن کە لەوانەیە ھەندێک گرفتی زۆر بچووک ھەبێت کە دەتوانم بڵێم ١٪ی بابەتەکان بووە تا ئێستا. من ناڵێم با ھەموو کەسێک پشتیوانیی لە پرۆژەی (ھەژماری من) بکات، بەڵام ھیچ لایەنێکیش بۆی نەبێت ڕێگریی لە بەرنامەی حکوومەت بکات کە ئەم پرۆژەیە بەردەوام نەبێت لەسەر ئاستی ھەموو کوردستان."
ھەروەھا لەبارەی ئەوەی پلانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق چییە؟ مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: "ئێمە زۆر جار باس دەکەین و لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانیش ئەم قسەیەمان کردووە چەندین جار، ئەگەر نەتوانین یەک بیروباوەڕ بین، خۆ دەتوانین یەکھەڵوێست بین؟ بە تایبەتی لەسەر ئەو پرسانەی کە گشتی و نیشتمانین، دەکرێ بۆچوونەکانمان لێکدی نزیک بکەین و ھەموو ھەوڵێکیش بدەین کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان وەدەست بھێندرێت، چونکە چەندین خاڵ ھەن لە دەستووری عێراق بەداخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، وەک ماددەی ١٤٠ و بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان کە تا ئێستا وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە. ماوەی رابردووش بینیمان کە چۆن رێگریی لە جووتیارە کوردەکان کرا کە بتوانن بچن زەوییەکانیان بچێنن. کەواتە ئەم خاڵە گرنگە. ناکرێ ئێمە ھەموو کێشەکانمان لە بابەتی مووچە کۆبکەینەوە، زۆر کێشەی ترمان ھەن کە پێویستە ھەموو بە یەک دەست و رۆحیەتێکی نیشتمانپەروەرانە لەگەڵ یەک بین تا بتوانین کاریگەریی باشیشمان لە راستکردنەوەی شێوازی حوکمرانی لە بەغدا ھەبێت."
لە کۆتاییشدا گوتیشی: "ئەو ھەڵبژاردنانەی لە داھاتوو لە عێراق دەکرێن، ئینشائەڵا ئەنجامی باشیان ھەبێت و ھەموو لایەک بتوانن بەشداریی بکەن، باشترین شێوازی حوکمرانیش پرۆسەی دیموکراسیەتە کە ھەڵبژاردن ناوەڕۆکی پرۆسەی دیموکراسیەتە. ھیوادارم حزبە کوردستانییەکان بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن بتوانن رۆڵی خۆیان لە بەغداش زیاد بکەن، بەڵکوو نەک تەنیا داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵکوو داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەستوور لە سەرتاسەری عێراق بکەن. بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پشتیوانیی لە خەڵکی تریش بکەین لەسەر ئاستی عێراق و ھەموو پارێزگاکانی تر."
ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە