جاریکی دیکە هاوردەکردنی واکسەنی فایزەر لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ڕاگیرا

پەیامی کورد      ...    جاریکی دیکە هاوردەکردنی واکسەنی فایزەر لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە  ڕاگیرا


تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی وەزارەتی تەندرووستی ئێران رایگەیاند، واکسینی فایزەر هاوردە دەکرێ و ژنانی دووگیانی پێدەکوترێن، ئێستا دەڵێت، ئەو جۆرە واکسینە هاوردە ناکرێ و دەبێت ژنانی دووگیانیش واکسینی جۆری سینۆفارمی چینی وەربگرن.

وەزارەتی تەندرووستی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 29-9-2021 بڵاویکردەوە، لیژنەی نیشتمانی پێکوتەی کۆرۆنا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ژنانی دووگیان واکسینی سینۆفارم وەربگرن و هەربۆیەش "بڕیارێک بۆ هاوردەی واکسینی فایزەر لە ئارادا نییە".

موحەممەدرەزا شانەساز، سەرۆکی رێکخراوی دەرمان و خۆراکی ئێران رۆژی 16-8-2021 رایگەیاند، مووڵەت دراوە پێکوتەکانی فایزەر و مۆدێرنا هاوردە بکرێن.

بەهرام عەینۆڵڵاهی، وەزیری تەندرووستی ئێران رۆژی 24-9-2021 لە شاری دێلۆران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێکوتەی فایزەر بەشێوەیەکی سنووردار و بۆ ژنانی دووگیان هاوردە دەکرێ.

عەلیڕەزا رەئیسی، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ئێران رۆژی 25-9-2021 گوتی، داوا تۆمار کراوە بۆئەوەی ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆز واکسینی فایزەر و ٥ ملیۆن واکسینی جانسن ئەند جانسن هاوردە بکرێت.

ئەو داوایە دوای ئەوە هات کە بەهۆی خراپتربوونی دۆخی کۆرۆناوە لە ئێران، عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 11-8-2021 داوایکرد بە هەر رێگەیەک دەگونجێت واکسین دابینبکرێت.

لە کاتێکدا پێشتر رابەری ئێران لە رۆژی 8-1-2021  هاوردەکردنی واکسینی ئەمریکی و بەریتانی قەدەخە کردبوو.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە