جارێکی دیکە تویتەر قاسم سلێمانى لەسێدارە دەداتەوە
پەیامی کورد ... جارێکی دیکە تویتەر قاسم سلێمانى لەسێدارە دەداتەوە
پاش تێپەربوونى دوو ساڵ بەسەر لەناوبردنى فەرماندەى پێشووی سوپای قودسی ئێرانى، کەلەلایەن هێرشێکى ئاسمانى هێزەکانى ئەمریکا لە ٢٠٢٠ لەنزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا ئەنجامدا، بۆ جاری دووهەم کۆمپانیاى تۆڕی کۆمەڵایەتى تویتەر "قاسم سلێمانى"، لەسێدارە دەداتەوە.
لەچوارچێوەى هەڵمەتێکى میدیایی کۆمارى ئیسلامی ئێران، بۆ زیندوو کردنەوەى ئەو کۆستەى تاران، لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتى هاشتاگێکى فراوانیان بەناونیشانى (HERO) واتا پاڵەوان، لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەو ووڵاتەوە ئەنجامداو، دەست بەبڵاوکردنەوەى چەندین تویتیان کرد.
بەو هۆیەوەش کۆمپانیاى تویتەر، کەتایبەتە بەبڵاوکردنەوەى پوختەى پەیامەکان، بڕیاریدا ئەو هاشتاگەى تاران بۆ زیندوو کردنەوەى ساڵیادی لەناوبردنى سلێمانى بسڕێتەوەو، رێگە نەدات چیتر ئەو هاشتاگە درووست برێت.
لەبەرامبەردا تاران، توڕەیی خۆی لەبەرامبەر هەنگاوەکانى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە کەبارەگای سەرەکی لەویلایەتە یەکگرتووەکانە نیشانداوەو، بەرپرسێکى باڵای رژێمى ئێرانیش واشنتۆنی تومەتبار کردووە بەوەى ئەو هاشتاگەى تایبەت بەقاسم سلێمانى بان کردووە.
لەلایەن خۆیەوە عەلی بهادوری جەهرمی، ووتەبێژى حکوومەتەکەى ئیبراهیم رەئیسی، رایگەیاند " بان کردنى هاشتاگی هیرۆ، لەنێو ئاسمانى ئەنتەرنێت، درێژە پێدەرى ئەو رووحەى دڕەى ئەمریکایە لەتاوان و تیرۆر".
بە ووتەى خۆی " ئەو کارە ترسنۆکانەیەو، ئەمریکا پێشڵکاری روونى ئازادی ڕادەبڕین و مافی مرۆڤ دەکات و، دژى هەستى ملیۆنەها خەڵکە لەسەرتاسەرى جیهان". کە ئەمەش لەکاتێکدایە لەنێوخۆى ووڵاتەکەى رێگە بەهاووڵاتیانى نادرێت تۆڕی تویتەر بەکاربهێنرێت و، زۆربەى تۆڕەکانیش لەژێر چاودێری هێزە هەواڵگرییەکانەو، هەر پەیامێکیش دژى بۆچوونەکانیان بێت، خاوەنەکەى رووبەرووی سزای دەستگیر کردن دەبێتەوە.
بەهۆى تێوەگڵانی لەکردەوەى تیرۆریستى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەریەک لە قاسم سلێمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس و، ئەبوومەهدی مۆهەندیس، جێگری سەرۆکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی، و دەستە ڕاستى سلێمانى لەئۆپراسیۆنێکى سەربازی لەبەرەبەیانى ٣ کانوونى دووهەمی ٢٠٢٠ پاش دەرچوونیان لەفرۆکەخانەى بەغدا لەنێوبران.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە