جارێکی دیکە مەترسییە جیددییەکانی داعش سەر هەڵدەدەنەوە
پەیامی کورد ... جارێکی دیکە مەترسییە جیددییەکانی داعش سەر هەڵدەدەنەوە
ڕاوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا زۆر زیادی كردووە، لە عێراقیش لە ناوچە كوردستانییەكان داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزە عێراقییەكان و ھێزی پێشمەرگە وەرگرتووە و، حكوومەتی عێراقیش نایەوێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە پڕبكاتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی نەمێنێت.
بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند : ھاوپەیمانان ئەگەر ھەست بە مەترسی زۆر و جیددی داعش نەكەن مۆڵگەكانیان بۆردوومان ناكەن، بۆیە ھەست بە مەترسیی جیددی دەكەن و دەزانن ژمارەیان زۆر بووە و بەردەوامیش مەترسییەكەیان زیاتر دەبێت، بۆیە داعش بۆردوومان دەكەن.
زێباری ووتیشی: "ھۆكاری زیادبوونی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناكۆكی لە نێوان حكوومەتی عێراق و بەشێكی زۆری پارێزگاكان ھەیە، جگە لەوەش، بەپێی زانیاری ئێمە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا و عێراق زۆر زیادی كردووە و لە سووریاش كێشەی زۆریان لەگەڵ ووڵاتان ھەیە، ئەمەش وای كردووە ژمارەی چەكدارانی داعش لەوێش زیاد ببێت".
زێباری ڕوونیشی كردەوە، ناوچەكانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، ناوچەی زۆر بەزەحمەتن و چیایین، وەكوو ناوچەی قەرەچووغ و ناوچەكانی دیكە و داعشیش بە ھۆی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، خۆی رێك خدەخاتەوە و ئامادەكاری خۆی دەكات و دووبارە رێكخستنەكانی خۆی درووست دەكاتەوە و پلانەكانیان دادەنێن و گومرگ وەردەگرن و ھاتووچۆ دەكەن، چوونكە بۆ ئەوان شوێنێكی ئارامە، بۆیە ئەمە ھۆكاری دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعشە.
دەشڵێ، داعش لەناو ناوچەكانی ھێزەكانی عێراقە لە گوندە سوونییەكان و بە رۆژ لەگەڵ ئەواندایە و بە شەو داعشن، بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە بە ھێزی ھاوبەش پڕ بكرێنەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق نایەوێت، چوونكە تا ئێستا رازی نین لیژنەی ھاوبەش درووست بكەن، بۆیە تەنها ھەوڵ ھەیە و ھێشتا نەبووەتە كردار.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە