جارێکی دیکە و بە شیوەیەکی جیددی تر ئێران هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و حێزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات

پەیامی کورد     ...  جارێکی دیکە و بە شیوەیەکی جیددی تر ئێران هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و حێزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات

ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە لەهەرێمی کوردستان دەکات‌و ڕایگەیاند ، "دان بە خۆداگرتنی ستراتیژیمان تاسەر نابێت".
دوای بۆردوومانەکانی مانگی ڕابردوی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، جارێکی دیکە ئەو ووڵاتە هەڕەشەی لەهەرێمی کوردستان کردەوەو ئەمڕۆ دووشەممە سەعید خەتیبزادە ووتەبێژی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "خۆڕاگری ستراتیژی ئێران بەرامبەر بوونی "کۆمەڵە تیرۆرستییەکانی" هەرێمی کوردستان خەریکە نامێنێت".
سەعید خەتیبزادە ووتیشی:"داوا لە حکوومەتی هەرێم‌ و حکوومەتی ناوەند دەکەم چەک لەدەستی ئەو کۆمەڵانە وەربگرنەوەو بنکەو بارەگاکانیان دابخەن".
هۆشداریه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژى 6ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵیش موحەمەد پاکپوور فەرماندەی هێزی ووشکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتوە".
لەڕاگەێندراوێكیشدا ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، "ئەو شوێنانەی کە ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی دەدات ، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی‌ و خەڵکی مەدەنین‌ و سەدان ژن‌و منداڵی پەنابەر کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێران خاک‌و ووڵاتی خۆیان جێهێشتوە، لێیان دەژین".
ئاماژه‌یان به‌وه‌شدابوو، "کۆماری ئیسلامی بۆ کاولکاریی‌ و دەستێوەردانی زیاتر دەگه‌ڕێت‌و دەیەوێت بەکەڵک وەرگرتن لەدۆخی ناوچەکەو دان بەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت".
ناوەندی هاوکاری بریتین له‌هه‌ردوو حزبى دیموكراته‌كه‌ى ڕۆژهه‌ڵات‌و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە