جووڵەی بازرگانی لە حاجی ئومەران بەھۆی بەفرەوە ڕاگیراوە
پەیامی کورد ... جووڵەی بازرگانی لە حاجی ئومەران بەھۆی بەفرەوە ڕاگیراوە
بەھۆی شەپۆلی دوو ڕۆژی ڕابردووی بارینی بەفر لە ھەرێمی کوردستان بەشێک لە ڕێگاکان داخراون و قایمقامی قەزای چۆمانیش دەڵێت، زۆرترین بەفر لە حاجی ئومەران باریوە و گەیشتووەتە ٨٥ سم و بەو ھۆیەوە جووڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕاگیراوە.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفرەوە بەشێک لە ڕێگاکانی سنووری قەزای چۆمان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داخراون، بەڵام تیمەکانی حکوومەت توانیویانە بەشێکی زۆری ڕێگاکان بکەنەوە لە سنووری چۆمان، تەنیا ڕێگای زینی وەرتێ تا ئێستا نەکراوەتەوە، تیمەکانی ڕامالینی بەفر لە ھەوڵدان ئەمڕۆ ڕێگای زینی وەرتێش بکەنەوە، کە ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین بە یەکەوە دەبەستێتەوە.''
قایمقامی چۆمان ووتیشی: "جووڵەی بازرگانی و ھاتووچۆ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دا بەھۆی بەفرەوە ڕاگیراوە، ھەرچەندە لە سنووری ھەرێمی کوردستان ڕێگا کراوەتەوە بۆ حاجی ئومەران، بەڵام حکوومەتی ئێران تا ئێستا ڕێگای نەکردووەتەوە لە دیوی سنووری شارۆچکەی خانێ.''
سوارە ئەکرەم ڕوونی کردەوە: "سەرەڕای پاککردنەوەی ڕێگای نێوان سەنتەری چۆمان و ناحیەی حاجی ئومەران، ھێشتا ھاتووچۆ تێیدا سەختە و ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ڕێگا سەختەکان بەکار نەھێنن، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر ٢٤ کاتژمێر لە کاردان بۆ کردنەوەی ڕێگاکان، لێ بەھۆی زۆری بەفربارینەوە ڕێگاکان دادەخرێنەوە.''
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە