جۆلانی دەچێتە بەغدا

پەیامی کورد   ...   جۆلانی دەچێتە بەغدا

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی کاتی سووریا، محەمەد جۆلانی دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی ئایاردا سەردانی بەغدا بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، بە پشت بەستن بە ئەلعەلەم، لە هەڵوێستێکی فەرمی بێ وێنەدا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە بەغدا هیچ ڕەچاوکردن و مەرجێکی نییە بۆ کارلێککردن لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا و بانگهێشتی ئەحمەد ئشەرع (ئەبوو محەمەد جۆلانی) دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە مانگی ئایاری داهاتوو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، ئەم لێدوانانە لە دۆخێکدا دراون کە تا ئێستا لە بەغدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە ئەگەری ناردنی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ ئەحمەد شەرع، بەتایبەتی کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراق تا ئێستا هیچ پیرۆزبایییەکیان بۆ ناوبراو نەناردووە بەهۆی وەرگرتنی پۆستی "سەرۆکی کاتی سووریا".
بەڵام ڕۆژی 1ی جانیوەری ، وەفدێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی حەمید ئەلشەتاری سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری عێراق، سەفەری دیمەشق ی پایتەختی سووریایان کرد و لەگەڵ بەرپرسە نوێیەکانی ئەو ووڵاتە کۆبوونەوە لە نێویاندا محەمەد جۆلانی.

فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەڕەنسا ٢٤ دووپاتیکردەوە کە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی یاخیبووی سووریا نێردراوە بۆ ئەوەی گەشت بۆ بەغدا بکات و بەم نزیکانە گەشت بۆ پایتەختی عێراق دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق سەرجەم سەرکردەکانی ووڵاتانی عەرەبی بە "ئەحمەد شەرع" (ئەبو محەممەد جۆلانی)ەوە بانگهێشت دەکات بۆ کۆبوونەوەی مانگی ئایاری داهاتوو.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا هیچ پێش مەرجێکی نییە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بەڵکوو بۆچوونی تایبەتی هەیە سەبارەت بە داهاتووی سووریا؛ ئەو ووردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە نەخستەڕوو.

نیگەرانییەکان لە بوونی داعش لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی عێراق و سووریا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فوئاد حسێن جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا نیگەرانە لە بوونی داعش لەسەر سنوورەکانی عێراق و سوریا و بە مەترسییەکی جیددی دەزانێت.
دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی نوێی سوریاش هەڵوێستێکی ڕوونی هەیە بەرامبەر بە داعش و عێراق پێویستی بە هاریکاری و هەنگاوی هاوبەش هەیە لەگەڵ سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاقمە تیرۆریستییە.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی له بەغدای به "تایبەت و ناوازه" وەسف کرد و جەختی لەوه کردەوه که سەرجەم سەرکرده عەرەبییه کان به ئەحمەد شەرع (ئەبوو موحەمەدد جۆلانی)یشه وه بانگهێشتی لووتکه که دەکرێن. هەروەها پلانی پێشنیارکراوی دۆناڵد ترامپ ی سەبارەت بە غەززە بە بێ کاریگەری زانی و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دژایەتی دەکات.

بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە مانگی ئایاری داهاتوو؛ کۆبوونەوەیەک کە بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیاریکردنی ئایندەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و سووریا بگێڕێت. لە ئێستادا ئەم پەیوەندیانە لەبەردەم جۆرێک لە چەق بەستن دان، هەرچەندە بەغدا دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد خواستی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق نیشان دابوو.

بەڵام هێشتا پێدەچێت هەڵوێستی ئێستای عێراق لەم بارەیەوە ناڕوون بێت. لە ساڵی 2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ڕیاز، پێشنیازی ئەنجامدانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا کرد، کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا.

سودانی پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە عێراق دەیەوێت ڕۆڵ ببینێت وەک سەکۆیەک بۆ پتەوکردنی هاریکاری عەرەبی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، هەروەها پابەندە بە پاڵپشتیکردنی کێشەکانی جیهانی عەرەبی و سەرکەوتنی ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێک بەرەو گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندن.


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە