جۆ بایدن : ڕووسیا باجێکی هێندە قورس ئەدات کە هەرگیز پێشبینی نەکردبێت

پەیامی کورد     ...   جۆ بایدن  :  ڕووسیا باجێکی هێندە قورس ئەدات کە هەرگیز پێشبینی نەکردبێت

ڤلادیمیر پووتین ی سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشە لە ئەورووپا دەکات. زیاتر لە سەد هەزار سەربازی لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە کۆکردۆتەوە، هەزاران تانک و زرێپۆش و تۆپ و مووشەك هاوێژ و تەنانەت " چەکی ستراتیژی "شی هێناوەتە ئەم ناوچانە و بە ئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکات. دەستدرێژی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەشت ساڵە دریژەی هەیە و تیایدا نیمچە دوورگەی کەریمە و چەندین ناوچەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای داگیرکردوە.
ئۆکرانیا هیچ مەترسیەکی بۆسەر ڕووسیا درووست نەکردوە، بەپێچەوانەوە پەیوەندی مێژوویی هاوبەش، کولتوور و تەنانەت ڕەگەز و زمانی هاوبەش، ڕوس و ئۆکرانیەکان بە تووندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە لەباشترین بەراوردا، دەستدرێژی سەربازی ڕووسیا بۆسەر ئەم ووڵاتە ی کە تازە ئەکەوێتە سەرپێی خۆی ، لە دەستدرێژییەکەی سەدام ئەچێت بۆسەر کوەیت.
ئۆکرانیا بەدەسەڵات ترین کۆماری یەکێتی سۆڤێیەت ی جاران بوو، زیاتر لە ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی سۆڤێت لە ئۆکرانیا جێگیر کرابوو، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی بوداپست ی ١٩٩٤، ئۆکرانیا سەرجەم بۆمبەکانی ڕادەستی ڕووسیا کرد لەبەرامبەر مەرجی زامنکردنی سنوور و سەروەری ووڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکا و رووسیا وە.
ئۆکرانیا ووڵاتێکی گەورە و ستراتیژی ئەورووپایە، هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە، دەستدرێژی یە بۆسەر ئاسایشی ئەورووپا و جیهان. بەڵام لەجەنگێکی وادا، خودی ڕووسیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت. جگە لە دەرئەنجامە سەربازییە کاولکارییەکانی ئەم شەڕە، ئابووری و خەڵکی هەژاری ڕووسیا بەرگەی ئابڵوقەی ئابووری گشتگیری ئەمریکا و ئەورووپا ناگرن. هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر بچووکترین هەنگاوی سەربازی پووتین دژی ئۆکرانیا، جیددی و مەترسیدارە بۆ سەر ڕووسیا. نازانرێت کاردانەوەی سەربازیی ناتۆ چی دەبێت، بەڵام بەپێی زانیاریە دزە پیکراوەکانی لەندەن، ناتۆ بێدەنگ نابێت، لە ڕوی ئابووریشەوە وەك جۆ بایدن بە ڤلادیمیر پووتین ی ووت "ڕووسیا باجێکی هێندە قورس ئەدات کە هەرگیز پێشبینی نەکردبێت".
بەپێی ئەو پلانەی ئەمریکا دایڕشتوە، ڕووسیا لە بازنەی دامەزراوەی بانکی و دارایی نێودەولەتی بەتەواوی دەکرێتە دەروە، توانای گۆرینەوەی رۆبڵ ی نابێت بە دۆلار و دراوی قورسی تر. لە ڕووی تەکنۆلۆژی و زانستی یەوە بە چەشنی سۆڤێیەت ی جاران تووشی گەورەترین پاشەکشە دەبێت، بێبەش دەکرێت لە دەستڕگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای ئەلکترۆنی و تەندرووستی و هەموو جۆرە پیشکەوتن و ئەپدەیتێکی زانستی.
 


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە