جۆ بایدن: کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکان ەوە ، یەکێک لە بێ ڕەحمانەترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەمە

پەیامی کورد     ...  جۆ بایدن: کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکان ەوە ، یەکێک لە بێ ڕەحمانەترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەمە

سەرۆککۆماری ئەمریکا ، لە ١٠٧ـەمین ساڵوەگەڕی دەسپێکی کوشتاری ئەرمەنییەکان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وتوویەتی: "ئەو ڕووداوە یەکێک لە بێ ڕەحمانەترین کوشتارەکانی سەدەی بیستەمە".

جۆ بایدن، یاد و ناوی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی، لەوانە ڕۆشەنبیران و ڕێبەرانی کۆمەڵگای ئەرمەنی لە ئیستانبوڵ کە لە ڕەوتی ئەو کۆمەڵکوژییەدا کوژران بەرز ڕاگرت و بەڵێنیی ئەمریکای بۆ وشیارمانەوەی لە هەمبەر کاریگەری وێرانکەری ڕەق و کین لە هەموو فۆرمەکانیدا خستەوە بەر باس.

کۆشکی سپی ساڵی ڕابردوو لەو کاتەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە فەرمی کوشتاری ئەرمەنییەکان بە ژینوساید دەناسێنێت و بەڵێنیی ئەوە دا پێش بە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی لەم چەشنە بگرێت.

ئەو بەیاننامەیە توڕەیی بەرپرسانی تورکیا یەک لەوان ''ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری ئەو ووڵاتەی بە دواوە بوو. ناوبراو ئەو هەڵوێستەی ئەمریکای بە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندیی دوو لایەنە زانیوە و داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە بەخێرایی لە قسەکانیان پاشگەز ببنەوە.

جۆ بایدن یەکەم سەرۆککۆماری ئەمریکایە کە وادەی خۆی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە بەفەرمی ناسینی کۆمەڵکۆژی ئەرمەنییەکان بەکردەیی کرد.

تورکیا کۆمەڵکۆژی ئەرمەنییەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئارشیوەکانی ئەو ووڵاتە بۆ لێکۆڵینەوە و هینانەبەرباسی ئەو بابەتە کراوەیە.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٧ی زایینی، بە مەبەستی لەنێوبردن و سڕینەوەی ئەرمەنییەکان ڕووی دا. بەپێی بەراوردەکان نزیک یەک تا یەک و نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەرمەنی بە دەستی سوپای عوسمانی کوژران.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە