جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق : کاری سەرەکی ئێمە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەبێت

پەیامی کورد     ...     جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق : کاری سەرەکی ئێمە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەبێت

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ووتی، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، داوامان کردووە پێویستە لە ماوەی ١٥رۆژدا کاندیدی سەرۆککۆمار پێشکەش بکرێت و دواتریش سەرۆکوەزیران ڕادەسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت و ئێمەش کە وەکوو کورد ئەو پۆستەمان وەرگرتووە، کاری سەرەکیمان لەگەڵ شەریکەکانمان جێبەجێکردنی دەستوور دەبێت.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدۆڵڵا، ڕایگەیاند : ''دوای ئەوەی دوێنێ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرا، داوامان کردووە کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کاندیدی سەرۆککۆماری پێشکەش بکرێت و دواتریش سەرۆککۆمار سەرۆکوەزیرانی داھاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت.''

شاخەوان عەبدۆڵڵا ووتیشی: ''من وەکوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاری کرام، ئێمە لەو پۆستەداین و دەمانەوێت لەگەڵ ھاوکارانمان لە پرۆسەی سیاسیدا پێکەوە بتوانین دەستوور جێبەجێ بکەین و بە جێبەجێکردنی دەستوور تەواوی کێشەکان چارەسەر دەبن و ھیچ گرفتێک نامێنێت.''

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی کردەوە: ''ھەوڵی جیددی دەدەین ھەموو ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن لە نێوان لایەنەکاندا، ئەمەش ئارامی دروست دەکات بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت و دامەزراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دامەزرێن و لەگەڵ شەریکەکانمان کار لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماددەی ١٤٠ دەکەین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.''


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە