جێگری سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە پارێزگاری ھەولێر کرد

پەیامی کورد   ...   جێگری سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە پارێزگاری ھەولێر کرد

دووشەممە ٢٠٢٥.٤.٢٨، عەبدولکەریم حسێن زادە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بە ئامادەبوونی د.حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران وێڕای بەخێرھێنانی پارێزگاری ھەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نیشاندا و جەختی لە بەرەوپێش بردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرھەنگی و ئابوورییە ھاوبەشەکان کردەوە و ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێش چوونی زیاتریان.

پاشان پارێزگاری ھەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە پاڵشت و ھاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بەوەش دا، خواستی ئێمە، ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی ھەبێت لەگەڵ سەرجەم ووڵاتان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، ڕۆڵی محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێش خستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جووڵەی بازرگانی نێوان ھەولێر و ئازربایجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، ووتیشی، ئێستاش خواستی ئێمە وەکوو ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.

لە کۆتایش دا بە فەرمی بانگھێشتی جێگری سەرۆککۆماری کرد بۆ سەردانیکردنی ھەولێری پایتەخت و ھەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە