جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا داوای ئازاد کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا دەکات
پەیامی کورد ... جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا داوای ئازاد کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا دەکات
جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا چووە پاڵ ئەو کەسانەی داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)و عوسمان کاڤالای چالاکوانو پیاوی خاوەنکاری تورکی دەکەن.
حەیاتی یازجی جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان ( ئاکپارتى) لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "حوڕییەت"ی تورکی و بە شێوەیەکی ناراِستەوخۆ داوای ئازادکردنی هەریەک لەسەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا ی کرد.
یازجی لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت:"نابێت لەکاتی پرۆسەی دادگایی کردندا دەستتێوەردان بکرێت، ئەویش تاوەکوو کار نەکاتە سەر ڕێرەوی دادگا، بەڵام دەبێت تورکیا ڕێگایەک بدۆزێتەوە کە بەهۆیەوە پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ببین کە تێیدا بڕیاریداوە کە دەبێت هەریەک لە دەمیرتاشو کاڤالا ئازادبکرێن".
پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا وتبووی کە ئەوان دان بەبڕیاری داداگایەکدا نانێن کە دان بەبڕیاری دادگاکانماندا نەنێت.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە