جێگرەکەی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودس بۆ شاردنەوەی ڕاستی هێرشکردنی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق گەیشتە بەغدا
پەیامی کورد ... جێگرەکەی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودس بۆ شاردنەوەی ڕاستی هێرشکردنی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق گەیشتە بەغدا
ئیسماعیل قاائانى جێگرەکەی قاسم سلێمانی کوژراوی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە ئێران بۆ پەردەپۆشکردنى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکوەزیرانى عێراق گەیشتە بەغدا
دوێنێ هێرش کرایە سەر ماڵی موستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی عێراق و چاودێرانى سیاسى و ئەمنیش شێوازى هێرشەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەر ئەو ڕێگە و شێوازەى کە میلیشیاکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەکارى دەهێنن، کە وڵاتانى ئەوروپاش هاتنە نێو دەستەى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای تیرۆریستى قودس گەیشتە بەغدا و لەگەڵ کازمى کۆ بووەوە و بڕیارە هەموو میلیشیا شێعەکانیش کۆ بکاتەوە.
هاتنى ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای تیرۆریستى قودس بۆ دوو مەبەستى سەرەکی ئەنجام دراوە : یەکەمیان پەردەپۆشکردنى هێرشەکەى سەر ماڵى کازمى و بەلاڕێ دابردنى ئەو ڕوانگە و گومانانەى کە هێرشەکە بە پلانى کۆمارى ئیسلامى و بە دەستى میلیشیاکانى لە عێراق و بە درۆنەکانى سوپاى پاسداران ئەنجام دراوە.
دووەمیان : بۆ گەیاندنى پەیامێک بە کازمى و هەموو عێراق کە "بەهیچ شێوەیەک ناتواندرێت لە سیاسەت و دەسەڵاتدارى عێراقدا نە کۆمارى ئیسلامى و نە میلیشیاکانى فەرامۆش بکرێن".
لە پاڵ ئەم دوو پەیامەش دا بڕیارە قائانى هەموو سەرۆک میلیشیاکانى خۆى کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەى ئەو ناکۆکى و کێشانەى کە کەوتووەتە ناویانەوە، چارەسەریان بکات و ڕێکیان بخاتەوە تا نەچنە پاڵ هێزە براوەکانى دیکەى هەڵبژاردنەکانەوە و حکوومەت و دەسەڵات لە دەستى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق دەربچێت!
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە