جەعفەر شێخ جەعفەر سەبارەت بە هێزێکی نیشتیمانی رێکخراو لە ناو پێشمەرگە پەیامێکی گرینگ ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد     ...    جەعفەر شێخ جەعفەر سەبارەت بە هێزێکی نیشتیمانی رێکخراو لە ناو پێشمەرگە پەیامێکی گرینگ ڕادەگەێنێت

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرینگە هێزی پێشمەرگە ڕێکخراو بکرێت لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتیمانی دامەزراو لە پێناو پاراستن و دوورخستنەوەی هەموو ئەو مەترسییانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و هەموو ئەو دوژمنانەی دژ بە قەوارەی هەرێم هەنگاو دەنێن.

جەعفەر شێخ موستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لەبارەی دیاردەی تیرۆر نووسیویەتی، "بابەتی تیرۆر لە دوای ڕووداوی هێرشەکانی ١١ی سێبتەمبەری ئەمریکاوە بوەتە دیاردەیەکی جیهانی و گرفتێکی نێودەوڵەتی کە کۆی مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێ، چوونکە تیرۆریستان بێ جیاوازی لە نێوان ئایین، مەزهەب، نەتەوە، ئایدئۆلۆژیا....هتد، ئامانجیانە گشت سەرمایەی ناسنامەیی و ووشیاری نەتەوەیی و ڕامیاری و مێژووی گشت گەلان ئەتک بکەن، بە بیروباوەڕی ترساندن و تۆقاندن هەموو ئەو بەرەو پێشچوونانەی کە لە ڕوی زانست و تەکنەلۆژیاوە جیهانی بەرەو دونیابینی بردوە بەرتەسکی بکەنەوە و ببنە هۆکارێک بەرامبەر تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، گەلی کوردیش بەدەر نەبوە لەو هەڕەشانەی تیرۆریستان کە جیهانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردوە، لەگەڵ هاتنیان بۆ ناوچەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کردەوە تیرۆریستیەکانیان بەرفراوان کرد و چەند شار و شارۆچکەیەکی عێراقیان کۆنترۆڵ کرد و دوور لە موڕاڵی مرۆڤایەتی هەموو شتێکیان خاپوور کرد و تاوانی جینۆسایدیان بەرامبەر بە برا ئێزییدییەکان ئەنجامدا و بونە مایەی ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە نەتەوەی  عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

جەعفەر شێخ موستەفا باسی لەوەشکردووە، تیرۆریستان لە هەوڵ و پەلاماری بەردەوام دابوون بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئازایەتی و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە، بەپاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق هەمیشە پەلامارەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکان شکست پێهێناون و شکێنەری هێرشە تیرۆستیەکانی داعش بوونە تا ئاستی لاوازبوونیان و نەمانی یەکجارەکیان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "گرینگە هێزی پێشمەرگە ڕێکخراو بکەین لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتیمانی دامەزراو لە پێناو پاراستن و دوورخستنەوەی هەموو ئەو مەترسییانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و هەمو ئەو دوژمنانەی دژ بە قەوارەی هەرێم هەنگاو دەنێن".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە