جەهانگیری ، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ڕۆڵی قاسم سلێمانی لە قاچاخ کردنی نەوت ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد      ...    جەهانگیری ، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ڕۆڵی قاسم سلێمانی لە قاچاخ کردنی نەوت ئاشکرا دەکات

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو ووڵاتە بە شێوەی فەرمی توانای فرۆشتنی نەوتی نەبووە، وتوویەتی کە یەکێک لە هەوڵەکانی "قاسم سڵێمانی" فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سوپای قودس، فرۆشتنی نەوت بە شێوەی قاچاخ لە کاتی گەمارۆوەکاندا بووە بۆ دابینکردنی دراوی پێویستی ئێران.

"ئێسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتوویەتی: "گەمارۆکان، نەوت، پۆڵا، پێترۆکیمیا، کەنارئاوەکان و کەشتیڕانی ئێران و سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە سەرچاوەی دابینکردنی دراو بۆ ئێران بوونە، لەبەر گرتووەتەوە".

ئەو هەروەها وتوویەتی کە پاش گەمارۆوەکان، کۆمیتەی شەورای ئەمنییەتی ئێران لەژێر ناوی "کۆمیتەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆوەکان" پێک هاتووە و ئەرکی سیاسەتدانان بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆوەکانە.

جەهانگیری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازەکانی فرۆشتنی نەوت کردووە کە یەکیان فرۆشتنی نەوت بە ئاڵای وڵاتانی دیکەوەیە.

ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە قاسم سلێمانی کەسێک بووە کە لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتدا دەستێکی باڵای هەبووە و جێ پەنجەی دیار بووە.

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران وتوویەتی کە گەمارۆوەکان دەیتوانی ببێتە هۆی داڕمانی ئابووری ئێران و بۆیە دەورلێدانەوەی گەمارۆوەکان بە ئامانجی دەربازکردنی ئابووری ئێران لەو دۆخە بووە.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە