حاکم قادر ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەکات
پەیامی کورد ... حاکم قادر ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەکات
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، لایەنە سیاسیەكان پەلە بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگیەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردن
لە میانەی بەشداریكردنی لە سیمینارێكی تەندرووستی دا، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستە حكوومەتی ھەرێم دەرمان و پێداویستیە پزیشكیەكان بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكات و ئەركی حكوومەت و وەزارەتی تەندرووستیە كەرتی گشتی و تایبەت لـە یەكتر جیا بكاتەوەو نرخی دەرمان لە سەرجەم دەرمانخانەكاندا یەك بخاتەوە.
لەسەر ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكانی ھەرێم لەبارەی ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە وتی: وەك یەكێتی لەگەڵ ئەوەداین پەلە بكرێت لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەو مەرجەی یاسایی ھەڵبژاردن ھەموار بكرێتەوە لەگەڵ پاككردنەوەی لیستی ناوی دەنگدەران بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت کە لە ڕابردوودا وایکردووە هەڵبژاردنەکان بە پاکی و بێگەردی بەڕێوەنەچێت.
دەشڵێت: نابێت لایەنەكان لە هەوڵدان بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی و رەوینەوەی تەمی بێ متمانەیی لای ھاوڵاتیان دەستەوەستانبن و پێویستە لایەنە سیاسیەكان كۆبونەوە لە پێناو كۆبونەوەدا نەكەن و پەلە بكەن بۆ تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگیەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، وە كۆبونەوەكانیان لە پێناو پەرژەوەندی و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكدا بێت.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە