حسێن قاسم حەسوون وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری یەزیدییان دەستنیشان کرا
پەیامی کورد ... حسێن قاسم حەسوون وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری یەزیدییان دەستنیشان کرا
حسێن قاسم حەسوون بووە ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری یەزدییان، بەپێی قسەکانی فەرمانی دەستبەکاربوونیشی بۆ دەرکراوە.
حسێن قاسم حەسوون، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ووتی: "فەرمانی دەستبکاربوونم وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری یەزدییان دەرکراوە."
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: "ئێستا ڕەوشی یەزدییان لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر خراپە، لە ڕووی سیاسییشەوە ماددەی ١٤٠ نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر ئەوکات و لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستوور جیبەجێ بکرایە، ئێستا ئەو کۆمەڵکوژییە بەسەر یەزدییان نەدەهات."
ووتیشی: "ئەو ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە پێشوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەنگال کرا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە، دەمانەوێ لەسەر ئەو پرسانە کار بکەین، چوونکە دیارە ڕەوشی یەزدییان خراپە، دەمانەوێت پرسەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چارەسەر بکەین."
لەسەر پرسی بەجینۆساید ناساندی کەیسی یەزدییانیش ووتی: ''دەمانەوێت ئەو ئاوارانە بە ڕەزامەندی خۆییان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و خزمەتگوازی بگەڕێتەوە ناوچەکانیان و گەرەنتی ئەمنییان هەبێت، ئەم کارانە زۆر قورسن، چوونکە پرسی یەزدییان هەمووی پێکەوە بەستراوە، وەک دادگاییکردنی ئەو تاوانبارانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژی ئێزدییاندا هەبووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر یەزدییەکان ڕووبەڕووی هیچ کۆمەڵکوژی نەبنەوە.''
''یەزدییەکان زۆر پرسیان هەیە، لەوانە بەپارێزگابوونی شەنگال و دیارکردنی چارەنووسی ڕزگاربووانی ڕفێنراوی ئێزدی و وەدەرنانی هێزە نایاساییەکان لە شەنگال. دەبێ هەمووی ئەم پرسانە چارەسەر بکرێن.''
حسێن قاسم حەسوون، خەلکی شەنگالە و، پسپۆڕی تاوانەکانی نێودەوڵەتییە، پێشتر لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتدا ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بووە، هاوکات ئەندام و ووتەبێژی لیژنەی پرسی بەجینۆساید ناسانی کەیسی کوردانی یەزدی و پێکهاتەکانی تر بوو، سەرپەرشتیاری گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بوو.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە