حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بوودجەدا هاتوون، خەرج بکرێت

پەیامی کورد   ...  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بوودجەدا هاتوون، خەرج بکرێت

چوارشەممە 2023/9/6 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووک دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیلی کەرکووک کرا کە بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد وناڕەزایی یان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێن ڕشتن ووڵامیان درایەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا،  دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایە ڕوو.

سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سوپاس وپێزانینی ئاراستەی شاندی حکوومەتی هەرێم کرد کە بە باشترین شێوە و  بە داتا و زانیاری وردەوە و پشتبەست بە بەڵگە دەستووری وقانوونییەکان، داکۆکیان لە ماف  و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەش دووپاتکرایەوە کە حکوومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابین کردنی مووچە وشایستەکانی هەرێم،  کە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێـم لەلایەن بەغدا،  مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بوودجە و دەستوور جێبەجێی کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بوودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بوودجە وشایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا کە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت, لە کاتێکدا لە دوای مانگی 6 ەوە ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7و8 خەرج نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی عێراق لە 2023/6/25  ، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران لە بەر ئاستی ئەو ڕاستییانەدا ، داوا دەکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بوودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات،  بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات،هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بە بێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت ، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر ، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بوودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت  بەڵکوو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.

لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ  و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف ودەسەڵات وشایستە دەستوورییەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش،  پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز ولایەنە سیاسیە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بوودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەند  بن بە مینهاجی وەزاری و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت  و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان  بکەن.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و  ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە