حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بڕە پارەیەكی زیاتری لە چاو ساڵی رابردوو بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددەی١٤٠تەرخان كردووە
پەیامی کورد ... حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بڕە پارەیەكی زیاتری لە چاو ساڵی رابردوو بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددەی١٤٠تەرخان كردووە
بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست ووتی، حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بڕە پارەیەكی زیاتر لە ساڵی رابردووی بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددەی١٤٠تەرخان كردووە، كە ساڵی رابردوو ١٥ملیار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ ٢٥ملیار دینار زیاد كراوە، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە بۆ زیندووھێشتنەوەی ئەو ماددەیە، چوونكە ماددەیەكی دەستوورییە و كاتی جێبەجێكردنی ھاتووە.
عەدنان مەسنوور، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست رایگەیاند: " ئێمە لە ساڵانی رابردوودا بوودجەیەكی باشمان بۆ ماددەی ١٤٠ بۆ تەرخان دەكرا، كە دەگەیشتە زیاتر لە ٧٥٠ملیۆن دۆلار و توانیمان ٩٦%ی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان قەرەبوو بكەینەوە، بەڵام لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، تەرخانكردنی پارەكە كەمی كردووە و ساڵی ٢٠١٨، تەنیا ٥٠ملیار دینار بوو و ساڵی ٢٠١٩مانگانە بۆمانیان خەرج دەكرد، هەروەها ساڵی رابردوو ١٥ملیار بوو، بەڵام ئەمساڵ كراوەتە ٢٥ملیار دینار، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە كە ماددەی ١٤٠ ھەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چوونكە دادگای فیدراڵی رەتی كردووەتەوە ئەو ماددەیە ھەڵوەشێتەوە و پێویستە جێبەجێ بكرێت".
بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست گوتیشی: "ئەو پارەیەی خەرج دەكرێت، زیاتر بۆ فەرمانبەران و كاروبارەكان خەرج دەكرێت و قەرەبووكردنەوە زۆری نەماوە و پێویستە ھەنگاوی دیكەی بەدواوە بێت، ئەویش سەرژمێری و ئاساییكردنەوەی دۆخەكەیە، بۆیە گرنگە ماددەی ١٤٠جێبەجێ بكرێت، چوونكە كاتی جێبەجێكردنی ھاتووە".
دەشڵێ، ئێستا ناوچەكان ئامادەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق دەست بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بكات، چونكە كاتی ھاتووە ئەو كێشەیە یەكلا بكرێتەوە و ماددەیەكی دەستوورییشە و پێوستە جێبەجێ بكرێت.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە