حكوومەتی ھەرێم بە وردی چاودێریی بەرھەمھێنانی واکسەنی دژی كۆرۆنا دەكات
پەیامی کورد ... حکوومەتی ھەرێم بە وردی چاودێریی بەرھەمھێنانی واکسەنی دژی كۆرۆنا دەكات
زۆرێك لە ووڵاتانی جیهان، سەرقاڵی گرێبەستن بۆ كڕینی ئەو واکسەنەی بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەرھەم دێت و بڕیارە حكوومەتی عێراقیش ١٠ ملیۆن ڤاكسین بكڕێت، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ھەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، پشكی ھەرێمی كوردستان لەو گرێبەستەی عێراقدایە بۆ كڕینی واکسەنەكە.
د. ئاسۆ حەوێزی، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی واکسەنی دژی كۆرۆنا بە چەند قۆناغێك دەبێت، لەوانەش بەكارھێنانی لەسەر ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە و دواتر لەسەر تووشبوانی كۆرۆنا تاقی دەكرێتەوە، كە دواتر قۆناغی كۆتایی دەخرێتە بازاڕ و گرێبەستی پێوە دەكرێت، ھەر گرێبەستێكیش حكوومەتی عێراق بۆ كڕینی واکسەنەكە ئەنجامی بدات، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە.
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق نیەتی ھەیە بۆ كڕینی واکسەنی دژی كۆرۆنا، بە تایبەتی ئەوانەی لە قۆناغی كۆتاییدانە و دەرچوونە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئەمساڵ واکسەنەكە بگاتە عێراق و ھەرێمی كوردستان".
حەوێزی روونیشی كردەوە، حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندرووستی زۆر بە وردی چاودێریی بەرھەمھێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دەكەن، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و پشكی ھەرێمی كوردستانیش گەرەنتی كراوە لەو گرێبەستەی عێراق بۆ كڕینی واکسەنەكە دەیكات.
لەبارەی ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆی پلانی ھەیە بۆ كڕینی واکسەنەكە، د. ئاسۆ جەختی كردەوە: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی لە دەستی دێت درێغی ناكات و ئەوەی لە توانای حكوومەتدایە دەیخەینە گەڕ بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانی خۆمان، ئەوەش راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانە".
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە