"حکوومەتی فیدراڵ پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێم بە تەواوی بنێرێت"

پەیامی  کورد   ...   "حکوومەتی فیدراڵ پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێم بە تەواوی بنێرێت"

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرووربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئانکارا پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو ووڵاتە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرینگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامی ئەو ووڵاتە کرایەوە.  

لە بڕگەی یەکەم دا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران زانیاری لەبارەی بارودۆخی داراییی ساڵی 2024 خرایەڕوو، کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بوودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بوودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە، بۆیە حکوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بوودجەی بەکاربردن و بوودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

دواتر لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێک لەبارەی بڕوا پێکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خستەڕوو، کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانووی حکوومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، لە ئامادەکردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفیی مووچەخۆران.

بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) کە قۆناخێکی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلێکترۆنی ئامادە دەکرێت و بەبێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵە تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەداخەوە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025داین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.

08 کانوونی دووەم 2025


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە