حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٥ میلیارد دۆلاری بۆ کەرتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەرخان کردووە

پەیامی کورد    ...   حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٥ میلیارد دۆلاری بۆ کەرتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەرخان کردووە

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند : حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٢٥ ملیار دیناری بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەرخان کردووە و ئێمەش ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و دووسایدن تەواویان بکەین، بەڵام پێوستمان بە بودجەی زیاتر ھەیە .

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدۆڵڵا ، ڕایگەیاند : ''بۆ ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٢٥ ملیار دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ و ئەوانەی بەردەوامن، ساڵی ڕابردوو بەشێک لە پڕۆژەکانمان وەستابوو بەھۆی ئەوەی لە بانکەکانی سلێمانی کێشەمان ھەبوو و ھەمووی سولفەکان خەرج نەکرا، ناچار پڕۆژەکان وەستان، ئێمە ٢٠٠ پڕۆژەمان ھەیە، وەکو ڕێگاوبان و ئەوانەی نیشتەجێبوون کە ١٢٠ پڕۆژەی ڕێگاوبانن و ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان''.

ئاگرین باسی لەوەش کرد: ''ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ ئەو ڕێگایانەی گرنگ و دووسایدن تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتیانی خۆمانەوە، پلانی ئێمە ئەوەیە کە ڕێگاکان بە دووساید بکرێن.''

ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ''بۆ ئەوەی پڕۆژە گرنگەکان بخەینەوە کار پێویستمان بە ٢٧٠ ملیار دینار ھەیە، کە لەو بڕە زیاترە وا بۆمان تەرخان کراوە، بۆیە ھەوڵ دەدەین ئەو پارەیەی ماوە، ئەویش دابین بکرێت.''

عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''زیاتر گرنگی بە پڕۆژە دووسایدەکان دەدەین، کە پێنج قۆناغە، لەوانە ڕێگای ھەولێر بۆ کۆیە، ھەولێر بەرەو سلێمانی و، ڕێگای دوکان بۆ چوارقوڕنە، قۆناغی دووەم و سێیەممان ھەیە، ئەویش دووسایدە و ڕێگای پاشماخ بۆ  پێنجوێن و ڕێگای دەربەندیخان بۆ کەلار، کە زۆر گرنگە و خەڵک داوای دەکات بە بەردەوامی، ئەمانە بەشێکی ڕێگاکانن کە گرنگە تەواو بکرێن و لە بواری جێبەجێکردندان.''


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە