حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بڕیارێک دەدات
پەیامی کورد ... حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بڕیارێک دەدات
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییەکان تاوەکوو 30ـی (ئەیلول/9)ـی ئەمساڵ درێژبکرێتەوە، تاکوو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکییەکان و گرانبوونیان لەسەر هاووڵاتییان درووست نەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیاری ژمار 159ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ماوەی کارکردن بە سەرجەم بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 140ـی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە ئاسانکاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاکوو 30ـی ئەیلولی 2022 درێژ کردەوە تاکوو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکییەکان و گرانبوونیان لەسەر هاووڵاتییان درووست نەبێت.
ئەوەش هاتووە، لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، تیمەکانی چاودێری بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی بازاڕ و رێگرتن لە خراپ سودوەرگرتن لەو ئاسانکارییانە و بەرگرتن لە بەرزکردنەوەی نرخەکان و رەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ لێپرسینەوە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم دەڵێت، بەپێی بڕیارەکەش گومرگ لەسەر هەریەک لە بەرهەمەکان وەک ئارد، برنج، زەیتی گولەبەرۆژە، زەیتی گەنمەشامی، رۆنی روەکی بەستوو، رۆنی ئاژەڵی بەستوو، چای رەش، شەکر، پاقلەمەنی ووشک وەک (نیسک، نۆک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش) و شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە هەڵدەگیرێت، هەروەها وەرگرتنی باج لە بازرگانانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکان دوادەخرێت.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە