حکوومەتی هەرێم داواکارییەک ئاڕاستەی بانکی ناوەندی دەکات

پەیامی کورد   ...  حکوومەتی هەرێم داواکارییەک ئاڕاستەی بانکی ناوەندی دەکات

بەرێوبەری گشتی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، لە کاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی داوایان کردوە کۆمپانیا مووڵەت پێدراوەکانی هەرێم بخرێنە مەزادی دراوە بیانییەکانەوە ، پارێزگاری بانکی ناوەندیش لە ووڵامدا ووتوویەتی ، "دوای پێداچوونەوە بە داواکارییەکە بڕیاری درووست لەسەر دەدەین."

بەختیار حاجی حامد بەرێوبەری گشتی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا لە ڕاگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، خۆی و بڵند موحەمەد بەرێوبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی عەلا پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتای کۆبونەوەکە باس لە سیستەمی بانکی لە ووڵات و ئەو بەربەستانە کرا کە ڕێگرن لە پرۆسەی پەرەپێدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بانکی باشتر بۆ هاووڵاتیان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک شاندی هەرێم داوایانکرد کرد کە ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم دا تۆمارکراون بخرێنە ناو مەزادی دراوەوە و پارێزگاری بانکی ناوەندیش جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکە دیراسەت دەکرێت و بڕیاری پێویست لە بارەیەوە دەدرێت.

باس لەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە بانکی ناوەندی عێراق بە سەكۆی ئەلیکترۆنی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمەوە ببەسترێتەوە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی نوسراوە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکان.


ئەم بابەتە 12008 جار خوێندراوەتەوە